مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئەشکەوتی شەمشەمەکوێرەکان له‌كوردستان ئاشكراده‌كات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1824 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای پشکنینە مەیدانی‌و زانستییە نوێیەکان، ده‌سته‌ى گشتیی پارێزگاریى ژینگەی ئێران (ئه‌شكه‌وتى شەمشەمەکوێرەکان)ى لەقەزای دەهلەرانی سەر بەپارێزگای ئیلام له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان وەک ناوچەیەکی خاوەن (ئەولەویەتی باڵای پاراستن) ناساندو داوای جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی توندی قەدەغەکردنی چالاکییە مرۆییەکانی کرد بەمەبەستی پاراستنی ئەو سامانە سروشتییە دەگمەنەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی ئاژانسی مێهر-ی ئێرانی، ئەو بڕیارە کتوپڕە دوای سەردانێکی مەیدانیی وەحید خەیرئابادی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پاراستنی ژینگەو ژینگەی سروشتی، بۆ قەزای دەهلەران هات، خەیرئابادی وتى، "کۆبونەوەو تێکەڵبونی گەورەی شەمشەمەکوێرەکان بەجۆرو گروپى جیاواز لەم ئەشکەوتەدا، وایکردوە وەک یەکێک لەبەنرخترین مۆڵگە سروشتییەکانی سەر ئاستی نیشتمانیی هەژمار بکرێت، لەسەر ئەو بنەمایەش، ئەشکەوتەکە بەفەرمی خراوه‌ته‌ ناو "ڕیزبه‌ندى یەکەمی پاراستن" کە یاسا تێیدا ڕێگه‌ی هیچ دەستێوەردانێکی مرۆیی نادات".

سەردانە فەرمییەکە تەنها ئەشکەوتەکەی نەگرتەوە، بەڵکو هەڵسەنگاندنی وردی ژینگەیی بۆ دوو شوێنەواری دیكه‌ى دەگمەنی ناوچەکە کرد کە بریتین لەکانییە گەرمەکان‌و کانییە سروشتییەکانی قیر، ئەم سێ دیاردە سروشتییە بەیەکەوە له‌وشاره‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، گرنگییەکی جیۆلۆجی‌و زیندەیی بێهاوتایان بەپارێزگای ئیلام بەخشیوە کە پێویستی بەچاودێریی چڕی حکومی هەیە.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، بەرپرسی باڵای ژینگەیی ئێران تیشکیخستەسەر ستراتیژێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی ئابوریی ناوخۆیی بەبێ زیانگەیاندن بەژینگە، ئاشکرایکرد، "لەئێستادا ئامادەکاریی بۆ نوسینی نامیلکەی مەرجەکانی وەبەرهێنان دەکرێت بۆ پەرەپێدانی ناوچەی کانییە گەرمەکانی دەهلەران، ئەم پڕۆژەیە بەمزوانە لەڕێگەی مناقەسەیەکی گشتییەوە دەخرێتە بەردەم وەبەرهێنەران، بەو مەرجەی سەرجەم ڕێساکانی پاراستنی ژینگە بەتوندی جێبەجێبکرێن".

پارێزگای ئیلام یه‌كێكه‌ له‌پارێزگا گه‌وره‌كانى ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و لەڕوی سیاسییەوە دەکەوێتە ڕۆژئاوای دەوڵەتی ئێران‌و زۆرینه‌ى دانیشتووانەکەی کوردن‌و بەشێوەزارەکانی کوردیی خواروو (فەیلی، لەکی‌و کەلهوڕی) قسە دەکەن.

ئەشکەوتی شەمشەمەکوێرەکان لەئیلام یەکێکە لەدەگمەنترین‌و سەرنجڕاکێشترین دیاردە سروشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەشکەوتەكه‌ دەکەوێتە سێ کیلۆمەتری باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری دەهلەران لەپارێزگای ئیلام، ڕێک لەسەر بناری چیای (سیاکێو) شوێنی ئەشکەوتەکە دەڕوانێت به‌سەر دۆڵێکی سروشتی‌و لەنزیک کانییە ئاوە گەرمە بەناوبانگەکانی دەهلەرانە.

به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كان، مێژوی دروستبونی ئەشکەوتەکە بۆ سەردەمی سێیەمی زەویناسی کە بە (Cenozoic Era) یان بەفارسی لەسەرچاوە فەرمییەکاندا بە(دوره سوم زمین‌ شناسی) ناودەبرێت، ڕێک لەدوای لەناوچونی دایناسۆرەکانەوە، واته‌ نزیکەی 65 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا.

لێکۆڵینەوە جیۆلۆجییەکانی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، پێکهاتەی بەردین‌و دروستبونی سەرەتایی ئەشکەوتی شەمشەمەکوێرەکانی ده‌هله‌ران لەو سەردەمە مێژوییە کۆنەدا جێگیر بوە، ئەمەش وایکردوە کلس‌و پێکهاتە ناوخۆییەکانی ئەشکەوتەکە تەمەنێکی ملیۆن ساڵەیان هەبێت‌و گرنگییەکی زانستی زۆر گەورەی پێببه‌خشن.

درێژیی ڕێڕەوی سەرەکی ئەشکەوتەکە، 255 مەترە، پانییەکەی 30 مەترو بەرزییەکەی دەگاتە 50 مەتر، لەهەندێک بەشدا قوڵایی کونی ئەشکەوتەکە دەگاتە 400 مەتر، ئەشکەوتەکە دوو دەروازەی هەیە؛ دەروازەی باکوری زۆر گەورەیەو مرۆڤ ناتوانێت لێیەوە بچێتە ژورەوە، بەڵام دەروازەی باشوری بچوکترە (5 بە 3 مەتر)و تەنها ڕێگه‌ی چونەژورەوەی گەشتیاران‌و توێژەرانە.

ئەشکەوتەكه‌ بەگەورەترین مۆڵگەی شەمشەمەکوێرەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە دادەنرێت؛ به‌گوێره‌ى خەمڵاندنی پسپۆڕان، زیاتر لە25 بۆ 30 هەزار شەمشەمەکوێرە لەناویدا دەژین، لەکاتێکدا لەجیهاندا نزیکەی هەزار جۆری شەمشەمەکوێرە هەیە، به‌ڵام لەم ئەشکەوتەدا بەتەنها، حه‌وت جۆری دەگمەن دەژین، لەوانە شەمشەمەکوێرەی خاوەن کلکی مشکی.

یەکێک لەسەرنجڕاکێشترین دیمەنەکان بۆ گەشتیارانی ژینگەیی، کاتی ئاوابونی خۆرە؛ لەوکاتەدا هەزاران شەمشەمەکوێرە بەیەکەوەو بەکۆمەڵ لەئەشکەوتەکە دێنە دەرەوە بۆ ڕاوکردن کە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش لەئاسماندا دروستدەکەن، لەماوەی هەزاران ساڵدا، زەویی ئەشکەوتەکە بەچینێکی خەست لەپاشەڕۆی شەمشەمەکوێرەکان داپۆشراوە، ئەم پاشەڕۆیە بەیەکێک لەباشترین‌و دەوڵەمەندترین جۆرەکانی سەمادی سروشتی لەجیهاندا دادەنرێت‌و جوتیارانی ناوچەکە بۆ بەپیتکردنی زەوییەکانیان بەکاریدەهێنن.

بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە دەگمەنانەوە، لەئێستادا حکومەتی ئێران ڕێوشوێنی توندی گرتوەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی هاتوچۆی مرۆیی بەمەبەستی پاراستنی هێمنیی ژینگەی ناو ئەشکەوتەکە.