ترەمپ: گفتوگۆی راستەوخۆمان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە.. سوپای پاسداران: راست نییە

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 231 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ بونی کەناڵێکی راستەوخۆ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی سوپای ئێران ئاشکرادەکات، وتەبێژی سوپای پاسدارانیش دەڵێت، ئەو قسانە دورن لەراستییەوەو ترەمپ لەئەنجامی شکستی ئەمریکا وادەڵێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەگرتوەکانی ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوەکردوە،" لەئێستادا کەناڵێکی راستەوخۆ بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای پاسداران هەیە، راستە ئەوان لەگفتوگۆدا بلیمەتن، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەدۆڕێن ".

وتیشی، ئەوان یاریزانی باشی پۆکەرن، بەڵام ئەوان لە دۆخی لەناوچوندان.

هاوکات، دۆناڵد ترامپ، هەڕەشەی لە عومان کرد و وتی، ئەگەر عومان لە هەنگاوەکانی واشنتن لە تەنگەی هۆرموزدا دەستێوەردان بکات یان ڕێگری بکات، لەوانەیە ببێتە ئامانجی هێرشی سەربازی.

لەلایەکی دیکەوە، حسێن موحیبەتی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی راگەیاندوە،" قسەکانی ترامپ لەبارەی بونی کەناڵی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی سوپای پاسداران دورە لەراستییەوە و لەئێستادا هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە ".