شارپرێس:
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسوریا زەنگی
مەترسی لێدەداتو ئاشکرایدەکات، لەدوای ڕوخانی ڕژێمهكهى بهشار ئهسهدهوه، 76
دەستبەسەرکراو لەژێر ئەشکەنجەو بەهۆی خراپیی بارودۆخی زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی
حكومهتهكهى شهرع گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش دۆسیەی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە دەخاتە
بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسو مەترسیدار.
بهگوێرهى نوێترین بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی
چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسوریا، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو، 76 زیندانی لەژێر ئەشکەنجەو
بەهۆی خراپیی بارودۆخی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن گیانیان لەدەستداوە، ئامارەکان
ئاماژە بەوەدەکەن، 61 حاڵەت لەساڵی 2025و 15 حاڵەتی دیكهش لەساڵی 2026دا تۆمارکراون.
ئەو ڕێکخراوە جەختدەکاتەوە، بەهۆی نەبونی لیستێکی
فەرمیو شەفاف لەلایەن حکومەتەوە، ژمارەی ڕاستەقینەی دەستبەسەرکراوانو قوربانییەکان
ڕەنگە زۆر لەوهش زیاتربێت، بەتایبەت کە زۆرێک لەدەستگیرکردنەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکیو
"تۆمەتبارکردنی ناڕون" ئەنجامدەدرێن.
ئەو زیندانیانەی کە لەزیندانەکانی (حەما، ڕەققەو
ناوچەکانی دیكه) ئازادکراون، وێنەیەکی سامناک لەناوخۆی زیندانەکان دەخەنەڕوو، ئەوان
باس لەقەرەباڵغییەکی خنکێنەر دهكهن بهشێوهیهك، ژورەکان چەند هێندەی توانای خۆیان
زیندانییان تێدا ئاخنراوە، ههروهها برسیکردنیش كێشهیهكى گهورهیهو کەمیی خۆراکو
تێکچونی باری تەندروستیو دەرونی گیراوان تادێت ڕوو لهزیادبون دهكات، ههروهها
ئەشکەنجەی سیستماتیک، یەکێک لەئازادکراوەکان دەڵێت، "ئەو ئازارە دەرونییەی تێیدا
بوین، وای لەزۆرکەس کردوە بیر لەخۆکوشتن بکەنەوە".
یەکێک لەدڵتەزێنترین کەیسەکان، گیانلەدەستدانی
گەنجێکە بەناوی (محەمەد حوسامەدین غەمیرە)، سەرەڕای ئەوەی ناوبراو بەدەست نەخۆشی
(ناعور ـ خوێنبەربون)ەوە دەیناڵاند، بەڵام بهگوێرهى شایەتحاڵەکان لەژێر ئەشکەنجەدا
باری تەندروستی تێکچوەو پاش گەیاندنی بەنەخۆشخانە گیانی لهدهستداوه، ئەمەش شەپۆلێکی
توندی ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.
ئەوەی زیاتر مەترسییەکانی زیادکردوە، بڵاوبونەوەی
هەواڵی گواستنەوەی زیندانیانە بۆ شوێنی نادیار وەک (باخ، ڤێلاو خانوو)ە دەستبەسەرداگیراوەکان
کە هیچ چاودێرییەکی یاساییان لەسەرنییە، ئەمەش گوماندەخاتەسەر شەرعییەتی دەستگیرکردنەکانو
پاراستنی مافی مرۆڤ.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوادەکەن، حكومهتهكهى
شهرع ڕێگە بەتیمە نێودەوڵەتییەکان بدات بەشێوەیەکی سەربەخۆ سەردانی زیندانەکان بکەنو
خێزانی زیندانیانیش مافی ئەوەیان هەبێت لەچارەنوسو باری تەندروستی ڕۆڵەکانیان
ئاگادارببنەوە، لهگهڵ کۆتاییهێنان بەدەستگیرکردنی بێ دادگاییکردن.
بهبڕواى چاودێرانى سیاسیىو ڕێكخراوهكانى
مافى مرۆڤ، دۆسیەی زیندانەکانو ئەشکەنجە، گەورەترین تاقیکردنەوەی حکومەتی ئێستاى
سوریایە، ئهوان دهپرسن، ئایا ئەم حکومەتە دەتوانێت نیشتمانێک بونیادبنێتەوە کە لەسەر
بنەمای یاسا بێت، یان مێژوی جەلادەکان بەناوێکی نوێوە دوبارە دەبێتەوە؟ داهاتوو و
مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دۆسیەیە، وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.
