شارپرێس:
ئامارە نوێیەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەریدەخەن کە سەرەڕای ئاستەنگە جیاوازەکان، خواستی پێکهێنانی خێزان لەهەڵکشاندایە، بهگوێرهى دوایین داتاکان، لەماوەی مانگی ڕابردودا پرۆسەی هاوسەرگیریی ڕێژەیەکی بەرزی تۆمارکردوەو لەبەرامبەریشدا حاڵەتەکانی جیابونەوە لەئاستێکی دیاریکراودا ماونەتەوە.
بهگوێرهى ئامارە فەرمییەکان، لەماوەی تەنها یەک مانگدا 18 هەزارو 351 گرێبەستی هاوسەرگیریی لەدادگاکاندا بەفەرمی تۆمارکراون، ئەم ڕێژەیە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ بەردەوامیی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای پێکهێنانی خێزانو جێگیریی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
لەبەرامبەر ئەو ڕێژە بەرزەی هاوسەرگیریدا، دادگاکان شهش هەزارو 352 حاڵەتی جیابونەوەیان (تەڵاق) تۆمارکردوە، هەرچەندە ئەم ژمارەیە وەک ئاڵهنگارییەک بۆ ناوەندی خێزان دەبینرێت، بەڵام بەراوردکردنی بەڕێژەی هاوسەرگیرییەکان دەریدەخات کە بۆ هەریەک حاڵەتی جیابونەوە، نزیکەی سێ خێزانی نوێ پێکهێنراون.
چاودێرانی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوەدەکەن، جیاوازیی نێوان ئەم دوو ژمارەیە نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگە هێشتا بەهای خێزان بەرز ڕادەگرێت، پزیشکانو توێژەرانیش جەختدەکەنەوە، پێویستە کار لەسەر کەمکردنەوەی زیاتری حاڵەتەکانی جیابونەوە بکرێت لەڕێگەی هۆشیارکردنەوەی گەنجان پێش هاوسەرگیریی، تاوەکو ئەو 18 هەزار خێزانە نوێیەی پێکهێنراون لەسەر بنەمایەکی پتەوتر بەردەوامبن.
