مەعاریف: ڕێککەوتنی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە؛ دەستکەوتی ستراتیژیی ئەردۆغان و زلەیەکی سەربازیی بۆ ئیسرائیل

جیهان

60 خولەک پێش ئێستا‌ 269 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەشیکارییەکی ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلیدا، ئاڤی ئەشکەنازی، شیکەرەوەی سەربازیی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، دەستکەوتێکی ستراتیژیی گەورەی لەهەنگاوەکانی ئەمدوایەی ناوچەکەدا بەدەستهێناوە، ئەمەش دوای ئاشکرابوونی ڕێککەوتنێک کە بەگوێره‌ى ئەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵدەوەشێنرێنەوە و چەکدارەکانیان لە ناو کەرتی فەرمیی سوپای سوریادا تێکەڵ دەکرێن.


ئەشکەنازی ئەم پێشهاتە بەگۆڕانکارییەکی ژێر بە ژێر و دراماتیکی وەسف دەکات کە بەگوشاری سوپای سوریاو ڕێککەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیا هاتۆتە دی.

بەگوێره‌ى زانیارییەکانی هەواڵەکە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە دەسەڵاتی سەرەکیی باکوری سوریایان لەدەستدا بوو، دەستبەرداری حوکمی خۆبەڕێوەبەری دەبن لەبەرامبەر بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیی کولتوریدا. 

ئەم هەنگاوە کە دەستبەرداربونی ئاشکرایە لەهاوپەیمانییەکانی پێشوویان لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، لە ناوەندە ئەمنییەکانی تەل ئەبیب وەک "زلەیەکی ستراتیژیی" سەیر دەکرێت.

 شیکەرەوەکە ڕەخنەی توند لەنەبونی پلانی درێژخایەنی حکومەتی ئیسرائیل دەگرێت کە بۆتە هۆی تەسلیمبون بەئاراستەی هێزە هەرێمییەکان و بەهێزبونی پێگەی دیمەشق لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەڕع.

لەلایەکی دیکەوە، ئەم پێشهاتە هەرێمییانە لەکاتێکدا ڕودەدەن کە سوپای ئیسرائیل ناچار کراوە هاوسەنگی لە 7 بەرەی جیاوازدا ڕابگرێت. لەباشوری لوبنان، هێزەکانی ئیسرائیل تێکدانی زیاتر لە 400 بنکەی حزبوڵڵایان ڕاگەیاندوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت خولگەی شەڕەکە بۆ چەندین مانگی دیکە بەردەوام بێت.

 لەکەرتی غەززەش، بەکارخستنی 2 تیپی سەربازی لە بەرهەڵستکاری حەماسدا بەردەوامە و ل کەرتی ڕۆژئاواش بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکانەوە، پلان بۆ ناردنی لیوایەکی زیاتری سەربازی دادەنرێت.

لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە نەبونی ئاسۆیەکی سیاسی ڕون، سوپای ئیسرائیلی خستۆتە بارودۆخێکەوە کە بەتەنها پشت بەژمارەی هێزە سەربازییەکانی ببەستێت؛ چارەسەرێک کە ئەشکەنازی هۆشیاری دەدات لەوەی لەکۆتاییدا توانایەکی سنوردارو کاتیی دەبێت.