مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى: 31 ئاب ڕۆژى خیانه‌تێكى گه‌وره‌و برینێكى قوڵه‌

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 415 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند، 31ـی ئاب خیانەتێکی گەورە بوەو برینێکی قوڵی لەمێژووی گەلی کورددا جێهێشتووە.


یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند،  ئەمڕۆ 30 ساڵ بەسەر کارەساتی 31ـی ئابدا تێدەپەڕێت، کاتێک شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن سوپای ڕژێمی بەعسەوە و ب پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان داگیرکرایەوە. 

لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە، ئەو ڕوداوە تەنها 6 ساڵ دوای ڕاپەڕین و ئازادی بوەو بوەتە هۆی شەهیدبونی ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەو فەرماندەو کادرانی یەکێتی و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، جگە لەبێسەروشوێنکردنی دەیان تێکۆشەر کە تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە.

یەکێتی لەپەیامەکەیدا هەروەها ڕایگەیاندوە، لەبەر خاتری گەلەکەمان و ئایندەی کوردستان، بڕیارماندا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوەو ناسۆرەکانی ڕابردوو بۆ حوکمی مێژوو جێبهێڵین، ئەمەش بوە هۆی دروستبوونی قۆناغێکی ئاوەدانی و پێکەوەیی لەهەرێمی کوردستاندا.

لەپەیامەکەدا ئه‌وه‌ش هاتوە،  ئەمڕۆ لەپێناو ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانیدا، پێویستمان بەشەراکەت و خزمەتی دادپەروەرانە هەیە بۆ ئەوەی قەرەبوی ناخۆشییەکانی ڕابردوو بکرێتەوەو هەرێمێکی پتەو بێتە کایەوە کە دەرەقەتی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بێت.