پارتە نوێکەى ئۆزگور ئۆزەل پێشەنگى ڕاپرسییەکانە

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 269 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەرکەوتنی پارتى (نوێ) بە سەرکردایەتی ئۆزگور ئۆزەل، لەگەڵ ٩٤ پەرلەمانتار کە لە پارتى کۆماریی گەل (CHP) جیا بوونەتەوە، هاوکێشەکانی هەڵبژاردنی تورکیای گۆڕیوە. ڕاپرسییە نوێیەکان نیشان دەدەن کە ئەم پارتە بە بەدەستهێنانی ٣٨.٥٨٪ی دەنگەکان و ٣٠٨ کورسی، پێشی پارتەکەى ئەردۆغان کەوتووە؛ بەڵام بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ سیستەمی پەرلەمانی، پێویستی بە ٣٦٠ کورسی هەیە.

وەڵامی هاوپەیمانی دەسەڵات بە گەشەکردنی پارتى نوێ
دەوڵەت باهچەلی، سەرکردەی حیزبی جوڵانەوەی نەتەوەیی (MHP) و هاوپەیمانی سەرەکی ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆماردا، لە دانیشتنی پەرلەماندا بە داننان بە سەرکەوتنی پارتى بەرامبەر، ڕوی لەئۆزگور ئۆزەل کرد و وتی،  ئێمە پەنجا ساڵە کاری سیاسی دەکەین و لە کۆتاییدا تەنها ٤٤ کورسیمان هەیە.

چۆن توانیت لە یەک شەودا ببیتە خاوەنی پارتێک کە ٩٤ کورسی هەیە؟
ئەم وتەیە کە لە میدیاکاندا بە شێوەیەکی فراوان بڵاو بووەوە، نیشانەی ئەوەیە کە بەرەی دەسەڵات بە قووڵی هەستى بە مەترسیی پارتى نوێ کردووە. 

پێداچوونەوە بە ڕاپرسییەکان و پێشبینیی دەنگەکانی هەڵبژاردن
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، چوار ڕاپرسی لەلایەن دامەزراوە سەربەخۆکانی توێژینەوە لە تورکیا ئەنجام دراون. ئەم ڕاپرسییانە نیشانى دەدەن کە پارتى نوێ بە سەرکردایەتی ئۆزەل، بە جیاوازییەکی نێوان ٣ تا ٤.٥٪ لە پێش پارتى داد و گەشەپێدان (AKP) ەوەیە.

بەڵام گرنگترین داتا پەیوەندیدارە بە دامەزراوەی توێژینەوەی گوندمار، کە بە پشکنینی کۆی ٢ ملیۆن داتا و بە ڕێژەی هەڵەی کەمتر لە ٢٪، نموونەیەکی پێشبینیکراوى ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی پێشکەش کردووە. بەپێی ئەم پێشبینییە:
1.پارتى نوێ:  بەدەستهێنانی ٣٨.٥٨٪ی دەنگەکان و ٣٠٨ کورسی.
2.حیزبی داد و گەشەپێدان : ٢٢٥ کورسی.
3.دەم‌پارتی: ٥٥ کورسی.
4.پارتى جوڵانەوەی نەتەوەیی (MHP): تەنها ١٢ کورسی.
5.حیزبەکانی دیکە، لەوانە CHP، ڕەفاهی نوێ، زەفەر و حیزبی باش  (İYİ)، هیچ کورسییەک بەدەست ناهێنن.

کێشەی دەستکاریکردنی دەستوور و ژمارەی کورسییە پێویستەکان
هەرچەندە پارتى نوێ بە ٣٠٨ کورسی دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام ئۆزگور ئۆزەل بەڵێنی داوە سیستەمی سیاسی تورکیا لە سیستەمی سەرۆکایەتییەوە بگەڕێنێتەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی.

بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنە پێویستی بە دەستکاریکردنی دەستوور و پاشان ڕێکخستنی ڕاپرسیی گشتی هەیە. بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە، پێویستی بە ٣٦٠ کورسی لە پەرلەماندا هەیە.

لەگەڵ ئەو ٣٠٨ کورسییەی کە لە پێشبینییەکەدا هەیە، پارتى نوێ ٥٢ کورسی کەمتر لە ژمارەی پێویست بۆ گەیشتن بە ٣٦٠ کورسی هەیە.

بەیاننامەی ئۆزەل و ڕەخنە لە بارودۆخی ئێستا
ئۆزگور ئۆزەل لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی کۆریێرە دێلا سێرا بڵاویکردووەتەوە، ڕەخنەى لە کردەوەکانی حکومەتی کردووە. ئەو دەڵێت پارتى دەسەڵاتدار بە لاوازکردنی میدیای سەربەخۆ و سیاسی‌کردنی دەزگای دادوەری، هەوڵ دەدات ئەو بیرۆکەیە بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت کە گۆڕینی سیاسی لە تورکیا شتێکی ئەستەمە.

ئۆزەل بە زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمام‌ئۆغلو، سەرۆک شارەوانى ئیستەمبوڵ، وەک نموونەیەک ئەماژە بۆ فشار و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن دەکات. هەروەها دەڵێت ئەردۆغان بەوە نەوەستاوە و زیاتر لە ٣٠ سەرۆک شارەوانى دیکەشی لەسەر کار لابردووە یان دەستگیر کردووە. 

ئۆزەل جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی پارتى نوێ دروستکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییە لە خوارەوە بۆ سەرەوە و گەڕانەوە بۆ دیموکراسییەکی پشتبەستوو بە دەسەڵاتى یاسایە. هەروەها دەڵێت: زیاتر لە بیست ساڵە ئەردۆغان بووەتە دیاریکەری سەردەمی سیاسیی تورکیا. بەڵام هیچ سەردەمێکی سیاسی بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت.

ترس و هیواکانی ئەردۆغان لە بەرامبەر حیزبی نوێ
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە تیمی ڕاوێژکارانی ئەردۆغان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە پشت بە سێ فاکتەری سەرەکی دەبەستن:
١. هاوپەیمانی و مامەڵەی هەڵبژاردن: ئەگەری ڕێککەوتنی هاوپەیمانی و مامەڵەی هەڵبژاردن لە نێوان پارتەکان، بە تایبەتی بۆ ڕێگری‌کردن لە سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەى ئۆزەل.
٢. بەکارهێنانی پاشەکەوتی دراوی بیانی: بەکارهێنانی نزیکەی ١٦١ ملیار دۆلار پاشەکەوتی دراوی بیانی بۆ زیادکردنی خەرجییەکان و جێبەجێکردنی پرۆژە گەورەکان لە ساڵی ٢٠٢٧، کە لەوانەیە ساڵی هەڵبژاردنی پێشوەختە بێت.
٣. هاوبەشی لەگەڵ پارتە بچووکەکان: دروستکردنی بنەمای هاوپەیمانی و هاوبەشی لەگەڵ چەند پارتێکى بچووک بۆ بەهێزکردنی بەرەی دەسەڵات.

نیگەرانییەکانى ئەکەپە
لە بەرامبەردا، سێ هۆکاری سەرەکی هەیە کە دەبنە هۆی نیگەرانی بۆ پارتى داد و گەشەپێدان:
یەکەم: بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووری، دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و زیادبوونی بێکاری.
دووەم: لاوازبوونی پەیوەندی و وەفاداریی دەنگدەران بە پارتەکە.
سێیەم: دەرکەوتنی پارتى نوێ وەک جێگرەوەیەکی سیاسیی باوەڕپێکراو.

هەروەها دامەزراوەی مێترۆپۆڵ لە نوێترین توێژینەوەکەیدا، سێ تایبەتمەندیی سەرەکیی کەشی کۆمەڵایەتیی تورکیای دیاری کردووە:
1.نارەزایی لە بارودۆخی ئابووری.
2.زیادبوونی ژمارەی دەنگدەری دوودڵ.
3.کەمبوونەوەی متمانە بە سیستەمی سیاسی.
بەم شێوەیە، ئەگەر ئەم ڕەوتە سیاسی و ئابوورییە بەردەوام بێت، هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین وەرچەرخانە سیاسییەکانى تورکیا لە دوو دەیەی ڕابردوودا.