شارپرێس:
لەبڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا کە وەک گورزێکی کوشندە بۆ دۆسیەی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر دەبینرێت، دادوهرێكی سەربازیی لهئەمریکا هەموو ئەو دانپێدانانانەی ڕەتکردەوە کە خالید شێخ محەمەد، مێشکی پلانداڕێژەری هێرشەکان، لەبەردەم FBI ئەنجامیدابون، بڕیارەکە دوای ئەوەهات، سەلمێندرا ئەو دانپێدانانانە لەژێر کاریگەریی ئەو ئەشکەنجە توندانە بوە کە لەلایەن CIAوە دژی تۆمەتبارەکە بەکارهێنراون، ئەمەش جارێکی دیكه دادگاییکردنەکەی تا ساڵی 2028 دواخست.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، هەینی ڕابردوو دادوهرێكی سەربازیی ئەمریکی بڕیارێکی دەرکردوە کە تێیدا هاتوە؛ ئەو دانپێدانانانەی خالید شێخ محەمەد کە بەمێشکی پلانداڕێژەری هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر دادەنرێت، لەبەردەم بریکارەکانی FBI ئەنجامیدابون، ناکرێت وەک بەڵگە لەکاتی دادگاییکردنەکەیدا دژی بەکاربهێنرێن.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە جیهان ئامادەکاریی دەکات بۆ یادکردنەوەی 25 ساڵەی هێرشەکانی 2001 کە تێیدا نزیکەی سێ هەزار کەس لەنیویۆرک، واشنتۆنو پێنسلڤانیا گیانیان لەدەستدا.
خالید شێخ محەمەد کە یەکێکبوو لەدیارترین یاریدەدەرەکانی ئوسامە بن لادنو لەساڵی 2003 لەپاکستان دەستگیرکرا، بڕیارە لەگەڵ سێ تۆمەتباری دیکە لە5ی حوزەیرانی 2028 لەبنکەی دەریایی گوانتانامۆ لەکوبا دادگایی بکرێن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لایەنی داواکاری گشتیی پێشتر ئەو لێدوانانەیان لابردبوو کە خالید شێخ لەزیندانە نهێنییەکانی سی ئای ئەی (CIA) دابوی، چونکە لەوێ ڕوبەڕوی شێوازی ئەشکەنجەی توند ببوەوە، لەوانە (ئەشکەنجەدان بەئاو تا نزیكی خنكان)، پێشئەوەی لەساڵی 2006دا بگوازرێتەوە بۆ گوانتانامۆ.
لفتنانت کۆلۆنێل مایکل شراما دادوهری سەربازیی لەم دۆسیەیەدا، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە تەنانەت ئەو لێکۆڵینەوانەی لەساڵی 2007 لەگوانتانامۆ لەگەڵ تۆمەتبارەکە کراون، ناتوانرێت وەک بەڵگە قبوڵبکرێن.
دادوهرهكه لەبڕیارەکەیدا نوسیویەتی، "داواکاری گشتیی نەیتوانیوە بیسەلمێنێت کە دانپێدانانەکانی محەمەد بۆ نوسینگەی FBI بەویستی خۆی بوە"، ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو ئەشکەنجەو فشارە توندەی سی ئای ئەی لەسەر تۆمەتبارەکە بەکاریهێناوە، کاریگەریی بەردەوامی هەبوە، هەروەها کارمەندانی FBI بەئەنقەست خالید شێخیان لەمافی بێدەنگبون یان داواکردنی پارێزەر ئاگادارنەکردوەتەوە.
دادگاییکردنی خالید شێخ محەمەد لەماوەی ساڵانی ڕابردودا چەندینجار دواخراوە، ساڵی ڕابردوش ڕێککەوتنێک بۆ سوککردنی سزاکەی هەڵوەشێندرایەوە، دوای ئەوەی کەسوکاری قوربانیانی 11ی سێپتێمبەر ناڕەزایەتییەکی توندیان دەربڕیی.
خالید شێخ محەمەد یەکێکە لەمەترسیدارترینو ناسراوترین سەرکردەکانی ڕێکخراوی قاعیدە، لهبنهڕهتداو ڕهچهڵهكی خێزانهكهی ناوچهی بهلوچستانی پاکستانە، بهڵام لهساڵی 1964 لەکوەیت لەدایکبوەو لەوێ گەورە بوە، ئهو بەمێشکی پلانداڕێژەری هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری ساڵی 2001ی ئەمریکا دادەنرێتو لەناوەندە هەواڵگرییەکاندا بە(KSM) کورتکراوەی ناوەکەی بەئینگلیزی دەناسرێت.
لەتەمەنی گەنجیدا چوەتە ئەمریکا بۆ خوێندنو لەساڵی 1986 بڕوانامەی لەئەندازیاری میکانیکدا لەزانکۆیەکی ویلایەتی نۆرس کارۆلاینا بەدەستهێناوە، جگە لەپلانی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر، تۆمەتبارە بەبەشداریی لەچەندین کردەوەی دیكهی گەورەی وەک (تەقینەوەکانی باڵی لەئەندۆنیزیا، پلانی تەقاندنەوەی فڕۆکە لەسەر زەریای هێمن (پلانی بوجینکا)و کوشتنی ڕۆژنامەنوسی ئەمریکی دانیال پێرل).
لەمانگی ئاداری ساڵی 2003 لەشاری ڕاوەڵپیندی پاکستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەو بەهەماهەنگی لەگەڵ دهزگای ههواڵگریی ئهمریكا (CIA) دەستگیرکرا، ماوەی سێ ساڵ لەزیندانە نهێنییەکانی ههواڵگریی ئهمریكا لەوڵاتە جیاوازەکاندا ڕاگیراو ڕوبەڕوی ئەشکەنجەی زۆر توند بوەوە، لەساڵی 2006یشهوه تائێستا لەزیندانی گوانتانامۆیە لەکوبا، وهكو دهوترێت، ئەو یەکێکبوو لەهەرە نزیکترین کەسەکان لەئوسامە بن لادنو بەداڕێژەری ستراتیژییەتو هێرشە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوی قاعیدە هەژماردەکرێت.
