به‌غدا هۆشداریى به‌په‌كه‌كه‌ ده‌دات‌و داواكارییه‌كى تارانیش له‌باره‌ى هێزه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ئاشكراده‌كات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 656 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئه‌منیى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، لەپەیامێکی تونددا هۆشداریدەداتە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)و بونیان لەخاکی عێراق بە"نایاسایی" وەسفدەکات، هاوکات پەردە لەسەر داواکارییەکی فەرمیی تاران لادەدات سه‌باره‌ت به‌هێزه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان كه‌ له‌هه‌رێم نیشته‌جێن، ده‌شڵێت، "بەغدا پێداگره‌ له‌سه‌ر کۆتاییهێنان بەو دۆسیانەى کە زیان بەئاسایشی وڵاتانی دراوسێ دەگەیەنن".


قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئه‌منیى عه‌لى زه‌یدیى سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "گفتوگۆکان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بۆ سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بەردەوامە".

ئاماژەی بەوەشکرد، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە30ی ئەیلولی داهاتوو، بەمانای پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن نایەت.

ئەعرەجی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی جەزیرەى قه‌ته‌رى وتی، "دیالۆگ لەگەڵ گروپەکان بۆ کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بەردەوامە، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، دەرفەتێکی گونجاو دەڕەخسێت‌و گفتوگۆکان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بۆ چەککردنیان‌و هێشتنەوەی چەک تەنها لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا، جددیتر دەبن".

ڕاوێژکاری ئه‌منیى زه‌یدیى ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا گروپە چەکدارەکان پابەندن بەوەی هیچ چالاکییەک دژی وڵاتانی دراوسێ یان لەناوخۆی عێراق ئەنجامنەدەن، وتیشی، "پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران‌و ئەمریکا باشەو هەوڵدەدەین ببینە پردی پەیوەندیی بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێک کە مافی هەموو ناوچەکە بپارێزێت".

سەبارەت بەپرسی تورکیاو پەکەکە، ئەعرەجی به‌بێ ئاماژه‌ى ناڕه‌زایی سه‌باره‌ت به‌له‌شكركێشیه‌ به‌رده‌وامه‌كانى سوپاى توركیا بۆسه‌ر خاكى هه‌رێمى كوردستان‌و عێراق، ڕایگەیاند، "بونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) لەخاکی عێراقدا نایاساییەو لەگەڵ لایەنی تورکیا کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئەو بارودۆخەشی بوەته‌ هۆی هاتنی هێزەکانی تورکیا بۆ ناوخاکی عێراق، بەکۆتاییهاتنی دۆسیەی پەکەکە کۆتایی پێدێت".

ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، "لایەنی ئێرانی داوای دورخستنەوەی گروپە توندڕەوەکان (هێزه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان نیشته‌جێى هه‌رێمى كوردستان) لەعێراق دەکات، ئێمه‌ش پێداگرین لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆسیانەی زیان بەعێراق‌و وڵاتانی دراوسێ دەگەیەنن".

لەکۆتاییدا ئەعرەجی وتی، "ئێران‌و ئەمریکا هەردوکیان دۆستی ئێمەن، بەڵام بەرژەوەندیی عێراق لەپێش هەموو شتێکەوەیەو توانای ئەوەمان هەیە لایەنەکان قایل بکەین کە خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی ئێمە بکەن، کشانەوەی هاوپەیمانان لە 30ی مانگى داهاتودا، بەواتاى پچڕانی پەیوەندیی لەگەڵ واشنتۆن نییەو لەئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنییەکان بەردەوامدەبن".