لوتکەی مێژویی کاردێف؛ هەنگاوێکی هاوبەشی سکۆتلەندا، وێڵزو ئیرلەندای باکور بۆ هەڵوەشاندنەوەی شانشینی یەکگرتوو

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 790 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەپێشهاتێکی بێپێشینەدا لەمێژوی شانشینی یەکگرتودا، ڕێبەرانی سکۆتلەندا، وێڵزو ئیرلەندای باکوور خۆیان بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە شاری کاردیفی پایتەختی وێڵز ئامادە دەکەن. ئامانجی ئەم لووتکەیە ئیمزاکردنی تێگەیشتننامەیەکی هاوبەشە کە داوای مافی ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی دەکات، ئەمەش هەنگاوێکە ڕەنگە ڕێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی شانشینی یەکگرتوو خۆش بکات.

 
بەگوێرەی رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی، ئەم کۆبوونەوەیە کە سبەی دووشەممە ساز دەکرێت، لە کاتێکدایە کە گوشارەکان بۆ سەر ئاندی بێرنهام، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕوو لە زیادبوونەن. بێرنهام لەم هەفتەیەدا لە پەرلەمان ئاماژەی بەوە دابوو کە ڕەنگە ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی ڕاپرسییەکی نوێ لە سکۆتلەندا بدات، ئەگەر سازانێکی فراوان لەسەر ئەو باباتە هەبێت. 

ئەم لێدوانانە تووڕەیی و مشتومڕێکی زۆری دروست کرد بەشێوەیەک جون سوینی، ڕێبەری پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندا و سەرۆک وەزیرانی سکۆتلەندا ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیران بە بەشێک لە مێژوو دەبێت بەوەی کە دوایین سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو بێت.

لە لایەکی ترەوە، دابەزینی پێگەی پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری وێڵزدا، ڕێگەی خۆش کرد بۆ سەرکەوتنی پارتی "پلاید کیمرۆ"ی لایەنگریی سەربەخۆیی بە ڕێبەرایەتی ڕون ئەب ئێوۆرت. لە ئیرلەندای باکووریش، میشێل ئۆنیڵ سەرۆک وەزیرانی ئیرلەندای باکوور لە پارتەکەی (شین فێن) لەگەڵ ماری لو ماکدۆناڵد بەشداری لەم لووتکەیەدا دەکەن.

بەپێی سەرچاوەکان، ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە سەرنج دەخاتە سەر 5 تەوەرەی سەرەکی: ئابووری، دەسەڵاتی وزە، پەیوەندی لەگەڵ ئەورووپا، هاوکاری نێودەوڵەتی، و مافی دیاریکردنی چارەنووس. هەر سێ لایەنەکە هاوڕان لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکانیان دەبێت ببنە بەشێک لە یەکێتیی ئەورووپا و ڕەخنەی توند لە مودێلی ئابووری ئێستای بەریتانیا دەگرن.

ئەم جووڵەیە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانێکیدا بۆ دبلن ڕایگەیاندبوو کە زۆر خۆشحاڵ دەبێت بە بینینی ئیرلەندایەکی یەکگرتوو. لە بەرامبەردا، بێرنهام نامەیەکی توندی بۆ سوینی نارد و تێیدا جەختی کردەوە کە ئەنجامدانی ڕاپرسی لادانی فۆکەسە لەسەر گەشەی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی بژێوی ژیان.

 بەڵام سوینی پێیوایە گۆڕانکاری دەستووری لە بەریتانیا بۆتە واقیعێک کە ناتوانرێت ڕەت بکرێتەوە، بەتایبەت کە داواکارییەکان بۆ گۆڕانکاریی لەپەیوەندیی نێوان لەندەن  و هەرێمەکانی بەریتانیا رووی لە زیادبوون کردووە.