كۆمپیتەی ناوەندیی كۆمەڵە داوای مانگرتنی گشتی دەكات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 229 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، لەبانگەوازێكدا داوای مانگرتنی گشتی لەكوردستان دەكات و دەڵێت، چوار ساڵ بەسەر کۆچی سوری ژینا ئەمینی و تەقینەوەی بورکانی ئەو ئاخێزە جەماوەرییە شکۆدارەدا تێدەپەڕێت کە لەسەقزو لەبێشکەی کوردستانەوە بڵێسەی سەندو بەدروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئاسۆی سەرتاسەری ئێرانی ڕوناکتر کردەوە. 


کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، دەڵێت، ژینا تەنیا ناوی کیژێکی لاو نەبوو، بەڵکوو بوو بەهێمای ڕەنج، توڕەیی و ئاواتی ئازادیی جەماوەرێک کە ساڵانێکە لەژێر سێبەری شومی سەرکوت، هەڵاواردن، هەژاری و بێ مافیدا هەناسەیان دەچنرێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئەمڕۆ، پاش چوار ساڵ، نەتەنیا زامی ئەو تاوانە ساڕێژ نەبوە، بەڵکوو سفره‌ی خەڵک بچوکتر، ژیان دژوارترو داهاتوش نادیارو تەمومژاویتر دەنوێنێ. گرانیی لەڕادەبەدەر، بێکاری، حەقدەستی کەم، هەژاری، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی و بێتوانایی بنەماڵەکان لە دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیان، ملیۆنان مرۆڤی گەیاندوەتە لێواری کەندڕی کارەسات. 

هاوكات، لەبانگەوازەكەدا ئەوەش هاتوە، كە لەبەرامبەر ئەم هەموو ڕەنج و نەهامەتییەدا، وەڵامی دەسەڵات نەک باشترکردنی گوزەران و کردنەوەی ڕۆچنەیەک بە ڕووی داهاتووی خەڵکدا، بەڵکوو سەرکوت، زیندان، هەرەشە، لەسێدارەدان و پەرەپێدانی هەرچی زیاتری کەشوهەوای ئەمنی بوە.
 
كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵە، جەختیش دەكاتەوە، حکومەتێک کە دەیەوێت هەر دەنگێکی ئازادیخوازانە لە بەندیخانەدا کپ بکات و دادخوازیی بنەماڵەکان بە تاوان لەقەڵەم دەدات، هیچ ئاسۆیەکی بۆ باشترکردنی بژیوی و ژیانی خەڵک نییە. لە ئاوا بارودۆخێکدا ناکرێت چاوەڕوانی چاکسازی و کرانەوە بکرێت، کرانەوە تەنیا بە ئیرادە، هاوپشتی و خۆڕاگریی خودی جەماوەر بەدی دێت.
 
لەبەشێكی دیكەی بانگەوازەكەی كۆمەڵەدا نوسرواە، کوردستان پێشتریش چەندین جار هێزی بێوێنەی ئەم هاوپشتییەی خۆی کردوەتە دروشمی مێژوو. مانگرتنە بەربڵاو، سەرکەوتوو و شکۆدارەکانی لە شار و بازاڕەکانی کوردستان، لەسەقز، سنە و دیواندەرەوە بگرە تا مهاباد، مەریوان، بانه، بۆکان، کرماشان و تا شنۆ و پیرانشار و شارەکانی تر، سەلماندوویانە کە کاتێک دوکانەکان دادەخرێن، شەقامەکان بێدەنگییەکی وەها مانادار لەخۆ دەگرن کە هەر دەنگێکی نەیار کپ دەکات و ئەو ساتەش کە خەڵک شانبەشانی یەکتر دەوەستن، زایەڵەی ناڕەزایەتییان سنوری هەر سانسۆرێک دەبەزێنێت. 

لەبارەی مانگرگتنی گشتییەوە دەڵێت، مانگرتنی گشتی، هاواری هاوبەشی جەماوەرێکە کە نایهەوێت لەبەرامبەر بێ‌ عەداڵەتیدا سەر دابنەوێنێت، هاوارێک کە لەمێژوی پڕشنگداری خەبات لەکوردستاندا ڕەگاژۆی کردوەو ئەوە دوپاتدەكەنەوە، كە داوا لەکاسبکاران و بازاڕییان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، موعەلیمان و خوێندکاران، ژنان و گەنجان، شۆفێران، فەرمانبەران و سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی شۆڕشگێڕ دەکەین کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، بەداخستنی کارو پیشەکانیان و پەیوەستبوون بە مانگرتنی گشتییەوە، یادی ژینا و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگەی ئازادی بەرز ڕابگرن.
 
هاوكات، جارێكی دیكەش ئاماژەیان بۆ ئەوە كردەوە، كە ئەم مانگرتنە، هەڵگری پەیامێکی ڕونە: ئێمە ملکەچی هەژاری و کۆت و بەندی سەرکوت نابین، ئێمە لەپێناو ژیانێکی شایستە، ئازادی و یەکسانیدا خۆڕاگریی دەکەین.
ژن، ژیان، ئازادی.