عێراقچی مەرجی ئێران بۆ کردنەوەی گەروی هورمز ئاشكرادەكات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەباس عێراقچی ڕایگەیاند کۆبونەوەکەی عومان بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوێکی نوێی دەریاییە لەهورمزو دەشڵێت، مەرجی سەرەکیی ئێران بۆ کردنەوەی تەواوەتیی گەروی هورمز، پابەندبون و جێبەجێکردنی یاداشتی ئیسلامئابادە لەلایەن ئەمریکاوە.


عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەجێندای کۆبونەوە فرەلایەنەکەی عوممانی ئاشکرا کردوە و جەخت دەکاتەوە لێکتێگەیشتنی تاران و مەسقەت بەمانای کردنەوەی گەروی هورمز نایەت. 
عەباس عێراقچی ڕایگەیاندوە کە تاران جێبەجێکردنی یاداشتی ئیسلامئابادی کردوەتە مەرج بۆ واشنتن تاوەکو گەروەکە بکاتەوە، هاوکات بڕیارە نەخشەی نوێی دەریاوانی ڕادەستی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی بکرێت.

کۆبونەوەی عومان تیشک دەخاتە سەر کردنەوەی ڕێڕەوێکی نوێی دەریایی لەگەروی هورمز بەپێی ڕێککەوتنی نێوان تاران و مەسقەت و ەدشڵێت،  لێکتێگەیشتنی ئێران لەگەڵ عومان بە هیچ شێوەیەک بە مانای کردنەوەی گەرووی هورمز نییە لەم قۆناغەدا.

لەبارەی مەرجەكانەوە جەختی كردەوە، كە مەرجی سەرەکیی ئێران بۆ کردنەوەی تەواوەتیی گەروی هورمز، پابەندبون و جێبەجێکردنی یاداشتی ئیسلامئابادە لەلایەن ئەمریکاوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕونی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەی سبەینێی عوماندا هەریەکە لە عێراق، ئێران و 5 وڵاتی کەنداو ئامادە دەبن تا لە وردەکاریی ڕێککەوتنەکە ئاگادار بکرێنەوە؛ عێراقچی جەختی کردەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بە دۆخی یەمەنەوە نییە و تاران بڕوای وایە پرسی یەمەن بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێت، بەڵام دەکرێت ئەم دانیشتنە زەمینەسازی بۆ دیالۆگی فراوانتر لەسەر پرسە جێی بایەخەکانی دیکەی ناوچەکە بکات.