شارپرێس:
بەگوێرەی ئەو زانیاریيانەی دەست شارپرێس کەوتون بەرەبەیانی ئەمرۆ لەکاتژمیر سێی بەرەبەیان، ژمارەیەک هێرشی موشەکی بۆ سەر سنوری پارێزگاکانی سێمانی و هەڵەبجە ئەنجامدراون.
شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەکی باڵای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە زانیاری ئەوەی دەستکەوتوە، کە بەسێ موشەک هێرشکراوەتە سەر کەمپی نیشتەجێبونی خێزانەکانیان، لەسنوری زرگوێزەلە، بەڵام هیچ زیانێکی لێ نەکەوتۆتەوە.
هاوكات لەبارەی هێرشەكەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کاتژمێر (03:10) خولەکی بەیانی رۆژی دوشەممە ٢٠٢٦/٩/١٤بە(پێنج) موشەک هێرشکرایە سەر ئەم ناوچانە.
-بە(سێ) موشەک هێرشکرایە سەر زڕگوێزەڵە.
-(یەک) موشەک لە نزیک گوندی گورگەچیا سەربەناحیەی سیروان کەوتووەتە خوارەوە.
-(یەک) موشەک لە نێوان گوندەکانی داری زاین و میراسی خواروو لەقەرەداغ کەوتووەتە خوارەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەشڵێت، لەئەنجامی هێرشەکاندا هیچ زیانێکی گیانی نەبوەو بەپێویستی دەزانین، داوا لەهاوڵاتیان بکەین لەدوای هێرشەکان نزیکی شوێنەکان نەبنەوە و دەستکاری پارچەو پاشماوەکانی موشەک و درۆن نەکەن لەپێناو پاراستنی سەلامەتیان.
لەهەمان کاتدا لەسنوری پارێزگای هەڵەبجەش ژمارەیەک دەنگ بیستراون و لەڤیدیۆ بڵاوکراوەکانیشدا ئەوە دەردەکەوێت کە لەناوچە سنوریەکانی پارێزگاکە ژمارەیەک موشەک تەقیونەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکی بەرپرس زانیاری لەبارەی هێرشەکانەوە ئاشکرا نەکردوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ سەرجەم حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیان بڵاوکردەوەو داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان کرد بۆ ڕۆژی چوارشەممە.