وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی هۆشدارییەك دەداتە خاوەنكارەكان

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 276 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، هەر خاوەنکارێک پێشێلکاری و ستەم بەرامبەر کرێکارەکانی ئەنجام بدات دەدرێتە دادگا، ئاشکرایکرد کە لەو چوارچێوەیەدا چەندین دۆسیەیان رەوانەی دادگا کردوە.


کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەکەلار، ئاماژەی بەوەشکرد، حاڵەت هەبوە خاوەنکار دەستدرێژیی کردوەتە سەر کرێکارەکەی و لێیداوە، لەبەرامبەردا ئەوان بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی ناکەن و دۆسیەکەیان ئاراستەی دادگا کردووە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

کوێستان محەمەد داوای لەتەواوی کرێکاران کرد، لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی هەر جۆرە ستەم و نادادپەروەرییەک لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە، ڕاستەوخۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاگادار بکەنەوە تا رێوشوێنی پێویست دژی پێشێلکاران پەیڕەو بکرێت، جەختیشی لەوە کردەوە ئەو کەسانەی ستەمیان لەکرێکارەکانیان کردوە ڕادەستی دادگا کراون.

سەبارەت بەڕەوشی کار و ئاماری کرێکارانیش، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد کە تا ئێستا 350 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون، ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەی کۆی گشتیی کرێکاران نەگۆڕو دیاریکراو نییە، بەڵکو بەردەوام بەگوێرەی کات لەزیادبون و کەمبوندایە.