حوسییەكان هێرشان كردەوە سەر بنكەی سەربازی سعودیە

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 811 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، بەدەیان موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشێکی فراوانیان کردوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی شا خالید لەسعودیە.


یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن، لەپەیامێکدا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان و جۆرییان کردووە و تێیدا دامەزراوەو ژێرخانە سەربازییەکانی بنکەی ئاسمانیی شا خالیدی سعودییەیان لە شاری "خەمیس مشێت" کردوەتە ئامانج. 

ئاماژەی بەوەش دا، هێرشەکە گەراجی فڕۆکە جەنگییەکان، رادارەکان، فڕگەکان و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی گرتووەتەوە و زیانێکی گەورەی بە بنکەکە گەیاندووە.

یەحیا سەریع ڕوونیکردەوە، هێرشەکە بە دەیان موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوە و ئامانجەکانی بەوردی و ڕاستەوخۆ پێکاوە. 

باسی لەوەش کردوە، ئۆپەراسیۆنەکە وەک کاردانەوەیەک بوو بۆ ئەو هێرشە ناڕەوایانەی سعودیە دەیکاتە سەر وڵات و گەلەکەیان، بەتایبەتی لەوەڵامی ئەو گرژییانەی لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا بە ئەنجامدانی زیاتر لە 300 هێرشی ئاسمانی دروستی کردووە. لەو هێرشانەدا سعوودییە فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 15 و تایفۆنی بەکارهێناوە و زۆربەی پارێزگاکانی یەمەنی کردووەتە ئامانج، ئەو فڕۆکانەش لە بنکەکانی خەمیس مشێت و تائیفەوە هەڵفڕیون.