بەپرسێكی باڵای عێراق بەحەوت ساڵ زیندانی سزادرا

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 595 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست دەرکرد، كەپێشتر بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیركرابوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، دادگای تایبەت بەتاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ سزادراو (عەلا‌و سەمیر راشد) دەرکردوە، بەگوێرەی ماددەی (١٩/دوەم) لەیاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی ناڕەوا (ژمارە 30ـی ساڵی 2001ـی هەموارکراو).
لەبڕیاری دادگاکەدا هاتوە، سزادراوەکە پابەند کراوە بە گەڕاندنەوەی (پێنج ملیار و 524 ملیۆن و 135 هەزار دیناری عیراقی) لەگەڵ (پێنج ملیۆن و 538هەزار و 593 دۆلاری ئەمریکی)، جگە لە سەپاندنی سزایەکی دارایی بە هەمان بڕ، کە بە کۆی گشتی هەردوو بڕەکە دەکاتە 25.7 ملیار دینار.

دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری دادگا پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەرداگرتنی گشت ئامراز و مڵکە گوازراوەو نەگوازراوەکانی سزادراوەکەی لەخۆگرتوە، لەگەڵ بەخشینی ماف بەدەستەی دەستپاکی بۆ داواکردنی قەرەبوکردنەوە لەزیانەکان دوای یەکلابونەوەی کۆتایی بڕیاری دادگا.