ڕاپۆرتێکی ئیسرائیلی: سعودیە لەکەمتەرخەمی واشنتۆن، تورکیاو پاکستان بەرانبەر بەحوسییەکان توڕەیە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماڵپەڕی N12ی ئیسرائیلی  لەراپۆرتێکدا کە پشتی بەسەرچاوەی نزیک لە بنەماڵەی فەرمانڕەوای سعودیە بەستوە، باسی لەوەکردووە کە  نیگەرانییەکان لەسعودیە روو لەزیادبونە بەهۆی کەمتەرخەمیی ئەمریکا و فراوانبوونی چالاکییەکانی حوسییەکان لە ناوچەی بابولمەندەب و ئەو هێرشانەی دەکرێنە جەرگەی ناوچە ستراتیژیی و ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، بێئومێدییەکی زۆر لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە و هەست بە دەستەوەستانیی دەکرێت، چونکە حوسییەکان غیابی بڕیاری کردەییی واشنتۆن دەقۆزنەوە بۆ بەهێزکردنی هەژموون و ئازادیی جوڵەکانیان. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە: "تاوەکو واشنتۆن بڕیارێکی کردەیی نەدات، ئێمە لەسەر زەوی باجەکەی دەدەین."

میدیا ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە دۆخی ئەمنیی سعودیە بەراورد بە ڕابردوو ئاڵۆزتر بووە، ئەمەش بەهۆی فرەییی بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوچەکەدا، لەوانە ئێران، حزبوڵڵا، گروپە چەکدارەکانی عێراق، حوسییەکان لە یەمەن، لەگەڵ دەستوەردانەکانی ئێران و ئیخوان موسلمین لە سودان. 

لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی دیکەی سعودیە ئاماژەی بە بوونی "نیگەرانی و توڕەیی" کردووە بەهۆی ڕەتکردنەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی زیاتر، هەرچەندە هاوکارییەکان پێشکەوتنیان بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ناکۆکیی سەرەکیی لەسەر ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی هاوبەشە.

 هەروەک، رەخنە لە هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی وەک پاکستان و تورکیا گیراوە کە تەنها بە لێدوان بەشدارن و گرنگی بە سات و سەودای چەک دەدەن.

باسی لەوەشکردووە کە ئەم بارودۆخە هەستی بێپشتیوانی لای ڕیاز دروستکردووە و وایکردووە بەدوای ڕێگەی نوێدا بگەڕێت بۆ پاراستنی دەریای سوور، لە کاتێکدا ڕاوێژەکان لەگەڵ میسر و لایەنەکانی دیکە بەردەوامن بەڵام هێشتا پلانێکی کردەیی ڕوون بۆ جوڵەی هاوبەش دروست نەبووە.


بەپەلە