وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی زیادكردنی هەناردە ئاشكرادەكات

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 94 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پلان هەیە بۆ زیادکردنی بڕی هەناردەکراو لەڕێگەی دەروازەکانی باکورو باشورو گەیشتن بەبەرزترین توانای هێڵی هەناردەکردنی عێراق - تورکیا.

سەلیم رکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک لەنزیکەی 200 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا لەمانگی ئایاری ڕابردوەوە، بەرزبوەتەوە بۆ نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا لەئێستادا، سەرەڕای ئاستەنگەکانی پەیوەست بەقەیرانی گەروی هورمز.

ئاامژەی بۆ ئەوەشكر، زۆربەی نەوتی هەناردەکراو لەرێگەی دەروازەکانی باشورەوە دەڕوات، لەکاتێکدا هەناردەی ڕێگەی دەروازەکانی باکور لەرێگەی تەنکەرو نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک گەیشتوەتە نزیکەی 300هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا.

جەختیشی لەوەش کردەوە، وەزارەت کار دەکات بۆ بەکارهێنانی کەمترین توانای دیاریکراوی هێڵی عێراق - تورکیا کە 750 هەزار بەرمیلە لەڕۆژێکدا، تاوەکو لە ئایندەدا بگاتە ئامانجی 700 هەزار تا یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل.

لەکۆتاییدا باسی لەوەشكرد، وەزارەتی نەوت پلانی هەیە بۆ ڕاکێشانی هێڵی بۆری نوێی هەناردەکردن، لەوانە هێڵی (بەسرە - حەدیسە - فیشخابوور) و هێڵی (بەسرە - حەدیسە - بانیاس)، بە مەبەستی فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن و زیادکردنی نەرمیی پرۆسەی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق.