كاتی هاتوچۆی گەشتیاری لەمەرزی كێلێ زیاددەكرێت

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 84 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قائیمقامیەتی قەزای پشدەر ڕایدەگەیەنێت، کاتی هاتوچۆی گەشتیاری لەدەروازەی سنوریی کێلێ درێژکرایەوەو بڕیارەکەش لەسەرەتای هەفتەی داهاتوەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

قائیمقامیەتی قەزای پشدەر، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، دوای هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، بەتایبەتی لەگەڵ میرزایی، فەرمانداری سەردەشت و حسێن ئاغا، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی سەردەشت، ڕەزامەندی دراوە لەسەر زیادکردنی کاتەکانی کارکردن لەمەرزەکە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، لەڕۆژی شەممەی داهاتوەوە بەرواری 17.10.2026، ئێران ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بەمەش پرۆسەی هاتوچۆی گەشتیاران لەمەرزی کێلێ ڕۆژانە لەبەیانییانەوە تاوەکو کاتژمێر 6:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

ئەم بڕیارە لەكاتێكدایە، پێشتر کاتی هاتوچۆی گەشتیاری لەمەرزی کێلێ تەنیا تاوەکو کاتژمێر 4:00ی عەسر بوو.

مەرزی کێلێ، مەرزێکی نافەرمی هەرێمی کوردستانە کە دەکەوێتە سنوری پشدەر لەئیدارەی راپەڕین و  هەرێمی کوردستان بەڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبەستێتەوە.