عەلی زەیدی پشکنینی دارایی و کارگێڕیی دەکاتە مەرجی بەردەوامیی موچەی 10 لیوای حەشدی شەعبی

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 219 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی نزیک لە "چوارچێوەی هەماهەنگی"  عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەسەر بەردەوامبوونی دابەشکردنی مووچەی 10 لیوای حەشدی شەعبی، کە هەندێک لە پێکهاتەکانی پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارە نزیکەکانی ئێرانەوە هەیە، گەیشتۆتە تێگەیشتنێکی سیاسیی نانوسراو.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو لێکتێگەیشنە بەرانبەر بەوەیە کە ئەو لیوایانە دەخرێنە ژێر پشکنینی دارایی و کارگێڕییەوە، بۆ ئەوەی پێشەکییەک بێت بۆ  جیاکردنەوەیان لە سەرکردایەتیی ڕێکخراوەیی دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە دا کە ئەم تێگەیشتنە دوای سەردانی زەیدی بۆ واشنتۆن بەدەستهاتووە، لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەمنیی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا گوشاری خستە سەر بەغدا سەبارەت بە نزیکەی 50 هەزار ئەندام کە گومان لە بەردەوامبوونی پەیوەندییان بە سەرکردایەتیی چەکداریی دەرەوەی زنجیرەی فەرماندەیی فەرمی هەیە.

بەپێی زانیارییەکان، زەیدی بڕیاری داوە مووچەکان بە شێوەیەکی گشتی نەبڕێت، بەڵکو بەردەوامبوونی دابەشکردنیان بە پابەندبوون بە ڕێکارەکانی تۆمارکردن و دیاریکردنی پۆستی کارەوە ببەستێتەوە. ئەم دۆسیەیە لیواکانی سەر بە کەتائبی حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائبی سەیدوشوهەدا و هەندێک لیوای عەسائبی ئەهلی حەق دەگرێتەوە.

سەرچاوەکان دەڵێن ئەم پێکهاتانە مووچە، چەک و پێداویستییەکانیان لە بودجەی عێراقەوە وەردەگرن، بەڵام هێشتا بە ئاستی جیاواز پەیوەندیی ڕێکخراوەیییان بە سەرکردایەتیی گرووپەکانیانە ماوە، ئەمەش توانای حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیارە سەربازیی و کارگێڕییەکانیان سنووردار دەکات.

بەپێی سەرچاوەکان، پشکنینەکان دەیان هەزار ناوی گومانلێکراو و سەدان دۆخی پۆستی دووبارەیان لەخۆ گرتووە، بەڵام هیچ ئامارێکی فەرمیی سەربەخۆ بۆ دیاریکردنی ژمارەی ناوە لابراوەکان و بڕی پارە ڕاگیراوەکان بڵاونەکراوەتەوە. حکومەت هەروەک لەسەر لابردنی ناوە ساختەکان کار دەکات، هەوڵ دەدات بانکێکی زانیاریی یەکگرتوو درووست بکات بۆ بەراوردکردنی لیستی مووچەکان لەگەڵ ئەو کەسانەی بەڕاستی لە خزمەتدان.