شارپرێس:
دوای دادگاییکردنیان لەلایەن
دادگای دوی تاوانەکانی سلێمانییەوە، لاهور شێخ جەنگی و سزادراوانی دیکەی لالەزار گواسترانەوە بۆ
چاکسازی گەورانی سلێمانی و لەوێ ماوەی سزاکەیان بەسەر دەبەن.
سەرچاوەیەک لە تیمی
پارێزەرانی دۆسیەی لالەزارەوە بە شارپرێسی راگەیاند،" لەچوارچێوەی رێکارە
یاساییەکان، دوای ئەوەی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی
لالەزار لەلایەن دادگای تاوانەکانی دوی سلێمانییەوە سزاکانیان دیاریکرا، ئێوارەی
ئەمڕۆ لە زیندانی ئاسایشی سلێمانییەوە بۆ چاکسازی گەوران گواسترانەوە، بۆ ئەوەی
ماوەی سزاکانیان لەوێ بەسەرببەن ".
ئەوەشیخستەڕوو، لاهور شێخ
جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی لەناو چاکسازی گەورانی سلێمانی لەشوێنێکی تایبەتدا
دادەنرێن و تێکەڵ بە سزادراوانی دیکەی چاکسازییەکە ناکرێن، بەڵام سزادراوانی دیکەی
دۆسیەکە لەناو قاوشەکانی تایبەت بە جۆری تاوانەکانیان دادەنرێن.
ئەو سەرچاوەیە
وتیشی،" لەئێستادا دوو گیراوی دۆسیەکە بەناوەکانی کەیوان و عومەر ئازادکراون،
کە پیشتر لەلایەن دادگاوە بە بێتاوان لەقەڵەم درابون ".
سەرچاوەکەی شارپرێس باسی
لەوەشکرد،" لەئێستادا بە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برایەوە 10 سزادراوی دۆسیەکە لەزیندان
ماونەتەوە، بەڵام سێ سزادراویان مافی ئەوەیان بە مەرج ئازاد بکرێن و لەزیندان
دەربکرێن "
