شارپرێس:
وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق، دەستپێکردنی یەکەمین پرۆژەی وێستگەی بۆشاییگەری زەمینیی مانگە دەستکردەکان لەعێراق ئاشكرادەكات و دەڵێت، ئەم وێستگەیە گرنگترین هەنگاوە بەرەو هەڵدانی مانگی دەستکرد.
مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکان لەکۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەستپێکردنی ئەم وێستگەیە، یەکەمین بزمارە لەتابوتی نەمانی سەروەریی نیشتمانیدا دەچەقێنێت.
هاوکات وتیشی، لەگەڵ یادی ڕۆژی سەروەری، وەزارەتی پەیوەندییەکان هەنگاوی کرداریی ناوە بەرەو هێنانەدیی ئەو دیدگایەی کە تەواوی داتاو زانیارییە ئەلیکترۆنییەکانی وڵات لەناوخۆی عێراقدا بپارێزرێن و کۆگابکرێن.
وەزیری پەیوەندییەکان گرنگیی ستراتیژیی ئەم پرۆژەیەی ڕونکردەوەو وتی، ئەم هەنگاوە گرنگترین بەشە لەپرۆسەی هەڵدانی مانگە دەستکردەکاندا، چونکە هیچ سودێک لەهەبونی مانگی دەستکرد نابێت بەبێ بونی وێستگەیەکی پێشکەوتوی لەم شێوەیە بۆ وەرگرتن و ئاڵوگۆڕی زانیاری.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەکە لەمێژینەیەو هەوڵی پێشوتری لەسەر دراوە، بەڵام ئەوان توانیویانە کۆسپەکان تێپەڕێنن و هەنگاوەکانی بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
مستەفا سەنەد ستایشی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کرد، لەوانە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، وەزارەتی ئابوریی دیجیتاڵی و حکومڕانی، و کۆمپانیای گشتیی پەیوەندییەکان و زانیاری (ITPC) شانبەشانی کەرتی تایبەت، کە توانیویانە ئەم ژێرخانە تەکنیکییە دابمەزرێنن.
وەزیری پەیوەندییەکان ئاشکرایکرد، پرۆژەکە هەنگاوێکی ڕوکەشی نییە و پلانی فراوانکردنی هەیە، ئاماژەشی بەوە کرد، هەر لەئێستاوە چەندین کڕیارو لایەنی بیانی لەدەرەوەی عێراق پەیوەندییان پێوە کردون بەمەبەستی سودوەرگرتن لەخزمەتگوزارییەکانی ئەم وێستگەیە لەبواری مانگە دەستکردەکاندا.