شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بەلێخۆشبون و داشکاندنی 75% لەکۆی سزای دواکەوتن و بەسەرچونی ڤیزاو نشینگەی هاوڵاتییانی بیانی.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، بەفەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، بڕیار دراوە بەداشکاندن بەرێژەی 75% لەسزای دارایی تایبەت بەبەسەرچونی ڤیزاو بەسەرچونی مۆڵەتی نشینگەی هاوڵاتییانی بیانی لەهەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی فەرمانی وەزاریی ژمارە (32557) کە لەرێککەوتی 15ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچوە، ئەو هاوڵاتییە بیانییانەی کە بەشێوەیەکی فەرمی و لە رێگەی ڤیزاوە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە ڤیزاکانیان درێژ بکەنەوە، یان نەیانکردوەتە نشینگە، یاخود نشینگەیان هەبوەو بەسەرچوە، بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ ڕوونیشی کردوەتەوە، ئەو کەسانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە دەتوانن تاوەکو 31ـی کانونی یەکەمی 2026 سەردانی یەکێک لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن و لەکاتی سەردانیکردنیاندا، تەنها 25%ـی کۆی گشتیی سزاکانی دواکەوتنیان لێ وەردەگیرێت، کە لەرێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتی ناوخۆدا دیاری کراوە.
