زانیاریى نوێ له‌باره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌.. بزانه‌ عێراق پلانى چییه‌ بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌هه‌رێمیشه‌وه‌

لە میدیاکانەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەچوارچێوەی بەرزبونەوەی داهاتە نەوتییەکانی پاش سەرهەڵدانی جەنگی ئێران، ئامادەکارییەکانی بۆ خەرجکردنی شایستە دارایییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران دەستپێکردوە، سەرچاوە ئاگاداره‌كان ده‌ڵێن، "لەدوو ڕۆژی داهاتودا پڕۆسەی پارەدان دەستپێدەکات‌و بڕیارە کاتی دابەشکردنی موچە بۆ 18ی هەموو مانگێک پێشبخرێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ کارکردنی ئەرێنی لەسەر ناردنی بەردەوامی پشکی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت".


دوو سەرچاوەی ئاگادار لەبەغدا به‌میدیاى نزیك له‌پارتییان ڕاگەیاندوە، بەئەگەرێکی زۆرەوە ڕۆژی سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026، دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی 10 دەکرێت، لەقۆناغی یەکەمدا فەرمانبەرانی کەرتی تەمویلی زاتی (وەک کۆمپانیا حکومیەکان کە موچەیان لەسەر داهاتی خۆیانە)و ئەو فەرمانگانەی موچەیان لەسەر دەسەڵاتی کارگێڕیی خۆیانە پارە وەردەگرن.

ئه‌وه‌شیان ڕاگه‌یاندوه‌، بڕیارە لەکۆتایی ئەم هەفتەیەدا تەمویلکردنی پارەی وەزارەتەکان بەتایبەتی دەستەی حەشدی شەعبی‌و وەزارەتە ئەمنییەکان دەستپێبکات، به‌ڵام هێشتا بەتەواوی یەکلانەبوەتەوە کە ئایا موچەی ئەم کەرتانە هەر لەم هەفتەیەدا دابەشدەکرێت یان دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بەڵام بەگشتیی پڕۆسەی ئەم مانگە چەند ڕۆژێک پێشخراوە، عێراقیش بەنیازە وادەی فەرمی بهێنێتەوە سەر 18ی مانگ تا پێش کۆتاییهاتنی مانگ پڕۆسەکە تەواوبێت.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، لەمانگی ڕابردوەوە بەهۆی زیادکردنی قەبارەی هەناردەو بەرزبونەوەی نرخەکان بەهۆی توندبونی جەنگی ئێرانەوە، داهاتی نەوتی عێراق بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام جێگیربونی تەواوەتیی ئەم سیستەمە چەند مانگێکی دەوێت؛ چونکە داهاتە نەوتییەکان پاش سێ مانگ لەئەمریکاوە بۆ حکومەتی عێراق دەگەڕێندرێنەوە.

پێشبینیدەکرێت لەمانگی کانونی یەکەمی داهاتوەوە (مانگی 12ی 2026)، بەغدا بەبێ پەنابردن بۆ هیچ قەرزێک، مانگانە لە 18ی مانگەوە موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان بەڕێکوپێكى دابەشبکات.