ماکرۆن په‌یامێكى به‌په‌له‌ له‌باره‌ى دۆخى وڵاته‌كه‌ى بڵاوده‌كاته‌وه‌

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1070 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەپه‌یامێكى تەلەفزیۆنیدا بەتوندی هەڕەشەی لێپرسینەوەو سزادانی لەوکەسانەکرد کە لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا، دەستیان بەتێکدان‌و تاڵانکاریی کردوە، بەڵێنیدا، "شەفافییەتی تەواو لەپەیڕەوی هێزەکان بۆ پاراستنی ئاسایش پەیڕەو بکەن"، ئەمەش لەکاتێکدایە کە فەرەنسا خەریکی خەمڵاندنی ئەو زیانە قورسانەیە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دژ بەگرانیی بژێوی دروستبون.

ماكرۆن جەختیکردەوە، کە هیچ شتێک پاساو بۆ ئەم توندوتیژییانە ناهێنێتەوەو داوایکرد، جیاوازیی تەواوبکرێت لەنێوان داواکارییە ڕەواکانی خۆپێشاندەران دژ بەگرانیی گوزەران‌و لەنێوان "تاوانبارانی تاڵانکاریی". ئەم په‌یامه‌ ڕاستەوخۆ پاش کۆبونەوەی ماکرۆن لەگەڵ ژمارەیەک لەوەزیرانی کابینەکەی پەخشکرا، پاشئەوەی خۆپێشاندانەکان گۆڕان بۆ پێکدادانی توند لەگەڵ پۆلیس، سوتاندنی ئۆتۆمبێلەکان‌و ئه‌نجامدانى هێرش بۆسەر باڵەخانە فەرمییەکان.

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا نوێترین‌و وردترین ئاماری فەرمیی قوربانییانی ئەم پشێوییانه‌ى ئاشكرا کرد، کە تێیدا ڕاگەیەندراوە تەنها لەڕۆژی شەممەدا دوو هەزارو 397 کەس دەستگیرکراون، بەگشتیش 997 ئەندامی هێزەکانی پۆلیس برینداربون، کە باری تەندروستیی حەوت کەسیان زۆر مەترسیدارە.

ئەم تەقینەوە ئەمنییە کتوپڕە تەنها شەش مانگ پێش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا دێت کە تێیدا هاوڵاتیان دەچنەسەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ ئیمانوێل ماکرۆن، بڕیاریشە سەرۆکی فەرەنسا سبەینێ دوشەممە، پاریس بەجێبهێڵێت بۆ دەستپێکردنی گەشتێکی سێ ڕۆژە بۆ چوار دەوڵەتی عەرەبی لەناوچەی کەنداو کە بەهۆی گرژیی‌و جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کاریگەر بون.