شارپرێس:
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا پێشنیازی سازکردنی لوتکەیەکی سێقۆڵی کتوپڕی لەمانگی داهاتودا کردوە کە خۆییو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو شی جین بینگ ڕێبەری چین کۆبکاتەوە، بەمەبەستی تاووتوێکردنی چارەسەری جەنگی ئۆکرانیا بەو مەرجانەی کە مۆسکۆ دەیانخاتەڕوو.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاشکرایکردوە، ترەمپ هێشتا بەفەرمی ڕەزامەندیی لەسەر کۆبونەوەکە نەداوە، بەڵام پێدەچێت پێشوازیی لەبیرۆکەکە بکات بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی چوارساڵە بەردەوامە، تاوەکو بەڵێنە کاتییەکانی هەڵبژاردنی جێبەجێبکات.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، پەردەی لەسەر ئەوە لادا، پوتن ئەم بیرۆکەیەی لەمیانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ لە9ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا خستوەتەڕوو کە زانیارییەکە لەلایەن ئەفسەرێکی پێشوی هەواڵگریی ڕوسیاوە دزەی پێکراوە، پلانەکە دەیەوێت نزیکایەتیی نێوان پوتنو ترەمپ بقۆزێتەوە بۆ چەسپاندنی ڕێککەوتنێک کە تەنها لەبەرژەوەندیی مۆسکۆدابێت.
باس لهوهشكراوه، گەورەترین مەترسیی پلانەکە ئەوەیە کە لوتکەکە بەبێ پشکداریکردنی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش نیگەرانیی قورسی لای کیێڤو هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دروستکردوە.
هاوكات پڕۆژەکە داوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانیی هاوتەریب دەکات کە تێیدا واشنتۆن سوتەمەنیی دیزڵی ڕوسی بکڕێتو پڕۆسەی فرۆشتنی لەسەر ئاستی جیهاندا ئاسان بکات.
دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی فەرمیی کرێملین لەلێدوانێکدا بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بونی ئەو گفتوگۆ چڕانەی پشتڕاستکردەوەو ئاماژەی بەوەدا، هەرسێ لایەنەکە دان بە"ئەگەری گریمانەیی" سازکردنی کۆبونەوەکەدا دەنێن، سەرهڕای ئەوەی هێشتا ئەجێندایەکی فەرمیی ڕون لەئارادانییە، لە کاتێکدا ترەمپ نزیك دەبێتەوە لەتەواوکردنی دوساڵ بەسەر خولی سەرۆکایەتییەکەیدا بەبێ کۆتاییهێنان بەجەنگەکە، جۆرێک لەنەرمیواندنى مەرجەعدار لەواشنتۆن بەدیدەکرێت.
بهگوێرهى زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، پەکین لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بەمۆسکۆی ڕاگەیاندوە، ئەگەر ترەمپ ڕازیبێت، ئەوان هیچ نەیارێتییەکیان نییە، کرێملین-یش پێشنیازیکردوە ئەم دیالۆگە سێقۆڵییە هاوتەریب لەگەڵ چالاکییەکانی لوتکەی کۆڕبەندی هاوکاریی ئابوریی ئاسیاو زەریای هێمن (APEC) بەڕێوەبچێت کە بڕیارە لەڕۆژانی 18و 19ى تشرینی دوەمی داهاتوو لەشاری تەکنەلۆژیی "شێنتژن" لەباشوری چین سازبکرێت.
شیکەرەوە سیاسییەکان پێیانوایە، میوانداریکردنی ئەم لوتکەیە پێگەی دیپلۆماسیی چین وەک ناوبژیوانی سەرەکیی نێوان زلهێزەکانی جیهان یەکجار بەهێز دەکات.
