شارپرێس:
ئەفسەرێكى پێشوی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) پێشبینییەکی کتوپڕو زۆر هەستیاری دەربارەی ئایندەی حوکمڕانیی لەعەرەبستانی سعودیە ڕاگەیاندو هۆشدارییدا لەئەگەری داڕمانی دەسەڵات لەو وڵاتەدا هاوشێوەی ڕوخانی شای ئێران لەساڵی 1979دا، دهشڵێت، "بەهۆی قوڵبونهوهى ناڕەزایەتییە ناوخۆییو هەرێمییەکان، پێگەی لوتکەی دەسەڵاتی ڕیاز لەبەردەم لێکترازانێکی مێژویدایە".
سکۆت ڕیتەر ئەفسەرى پێشوی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) ئاشکرایکردوە، دورخستنەوەی محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە لەناو خودی خێزانی پاشایەتییەوە (ئال سعود) ئەگەرێکی زۆر بەهێزە.
وتوشیهتى، "ئەم لێکدانەوەیەش بۆ زیادبونی ململانێ توندەکانی سەر دەسەڵات، قوڵبونی ئاڵنگارییە سیاسییەکانو دەرکەوتنی جیاوازیی گەورە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات دەگەڕێتەوە".
ئەو ئەفسەرەی پێشوی هەواڵگریی، بنچینەی داڕمانی دەسەڵاتی سعودیەی بەستوەتەوە بەلێکەوتە قورسو درێژخایەنەکانی جەنگی یەمەن، توندبونی فشارە ئابورییە ناوخۆییەکانو ئەو ناکۆکییە شاراوە بەهێزانەی کە لەنێوان نەوە جیاوازەکانی خێزانی پاشایەتیدا لەسەر جومگەکانی حوکمڕانیی لەئارادان.
ڕیتەر هۆشداریدەدات، هەر جۆرە گۆڕانکاریی یان پاشەکشێیەک لەسیستمی ئێستای حوکمڕانیی سعودیەدا، دەبێتە هۆی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەو بەهێزبونەوەی ئاستی نفوزی سیاسییو کۆمەڵایەتیی ڕەوتە وەهابییە توندڕەوەکان لەناوچەکەدا، کە لەساڵانی ڕابردودا دەسەڵاتیان بەرتەسککرابوەوە.
