حوسییەکان لەکۆنترۆڵکردنی شارێکی ستراتیژیی یەمەن نزیک دەبنەوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2995 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی مەترسیداری مەیدانیدا کە هاوسەنگیی هێز لەباشوری یەمەن دەشێوێنێت، چەکدارانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکان گەمارۆیەکی توندیان خستوەتەسەر شاری (تەعز) لەباشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، ئەم پێشڕەوییە خێرایە پاش ئەوەدێت، مانگی ڕابردوو حوسییەکان هێرشێکی بەرفراوانیان بەدرێژایی کەناراوەکانی دەریای سور لەبنکەی سەرەکیی خۆیانەوە لەباکوری یەمەن دەستپێکردو لەئێستادا سێیەم گەورەترین شاری یەمەنیان خستوەتە ژێر مەترسیی داڕمانی سەربازییەوە.


شاری تەعز خاڵێکی زۆر ستراتیژیی جیۆپۆلەتیکە کە کەناراوەکانی دەریا بەتەواوی ناوچەکانی دیكه‌ى باشوری یەمەنەوە دەبەستێتەوە، کۆنترۆڵکردنی ئەمشارە لەلایەن حوسییەکانەوە، ڕێگه‌ی پێشڕەویی سەربازیی ڕاستەوخۆ بەرەو شاری (عەدەن) واڵادەکات، ئێستاش ناوەندی سەرەکی‌و پایتەختی کاتیی حکومەتی شەرعیی یەمەنە (ئەو حکومەتەی کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانراوە)، ئێستا سەرجەم ڕێگه‌ سەرەکییەکانی چونە ناوەوەی تەعز بونەتە هێڵی پێشەوەی بەرەکانی شەڕی قورس.

به‌گوێره‌ى وتەی شایەتحاڵان‌و دانیشتوانی شارەکە، لەئێستادا سەرجەم دەروازەکان داخراون‌و تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم لەئۆتۆمبێل‌و بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی کاڵا سەرکێشی دەکەن بۆ چونە ناوشارەکە، ئەو بارهەڵگرانەش ناچارن بەناوچە شاخاوییەکانی باشوری شارەکەدا تێپەڕبن، کە لەئێستادا توندترین‌و خوێناویترین شەڕی زەمینیی تێدا بەڕێوەدەچێت.

دانیشتوانی تەعز هۆشداریدەدەن، شەڕ بەخێراییەکی پێشبینی نەکراو گەیشتوەتە ناوجەرگەی ناوچەکانیان، بەجۆرێک کە هیچکات‌و دەرفەتێکیان لەبەردەمدا نەبوە تاوەکو خێزانەکانیان بەرەو ناوچە سەلامەتەکان کۆچ پێبکەن، هاوکات ڕاپۆرتە مرۆییەکان جەختدەکەنەوە، کۆگاکانی خۆراک، دەرمان‌و سوتەمەنی لەناوشارەکەدا بەخێراییەکی مەترسیدار بەرەو بەتاڵبون دەچن، ئەمەش هاوشان بوە لەگەڵ بەرزبونەوەیەکی زۆر توندی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان لەبازاڕدا.