رۆژنامەیەکی ئەمریکی: ڤانس ئامادەیە لەگەڵ رەزایی کۆببێتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 166 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" ئاشکرای کردۆتەوە کە کۆشکی سپیی ، موحسن ڕەزایی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بە گەورەترین هیوای گەیشتن بەڕێککەوتن لەگەڵ تاران دەزانێت؛ چونکە بە تەنیا کەسێکە کە دەتوانێت لە ناو ئێراندا هاوڕایی لەسەر دانوستانەکان درووست بکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکدا ڕەزایی ئاگادار کردۆتەوە کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەردوو وڵات لە دانوستانەکاندا گرنگن و ئامادەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا کۆببێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.

واشنتۆن هەروەک نیگەرانە لە کەمبوونەوەی دەرفەتەکانی ڕێککەوتن و داوا دەکات ئێران نوێنەرانی خاوەن دەسەڵات بۆ دانوستان لەسەر پرسی ناوەکیی بنێرێت.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە ناوبژیوانە قەتەرییەکان هەینی گەڕاونەتەوە تاران، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتۆن.

قەتەر پێشتر ڕەشنووسی پلانی ئاشتی پێشکەش بە ئێران کردبوو، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئێرانی پێشنیارەکانی ڕەتکردۆتەوە و جەختی کردۆتەوە کە تاران لەسەر هەڵوێستی خۆی لە دۆسیەی ناوەکیی پێداگریی دەکات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی