كۆڕەك تیلیكۆم: سەرۆكی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق یاساشكێنی دەكات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 228 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، ڕایدەگەیەنێت، كە سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق سەرەڕای دەرچونی بڕیاری دادگا لەبەرژەوەندیی ئەوان، بەڵام یاساشکێنی دەکات.


کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کێشەکانی لەگەڵ دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق (CMC) بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،" لەکاتێکدا کۆڕەک بەرێگەی یاسایی داکۆکی لەمافەکانی خۆی و بەشداربوانی کردوەو ڕوبەڕوی ئەو بڕیارە ناڕەوایە بوەتەوە کە لەلایەن سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکلاکردنەوە ( پاکتاوکردن-تەسویە) دەرکراوە، کە چوارچێوەکەی بەڕەزامەندیی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریکرابوو، کەچی سەرۆکی دەستە سور بوە لەسەر هەڵوێستەکەی". 

بەگوێرەی ڕاگەیێەدراوەکەی کۆڕەک تیلیکۆم، سەرۆکی دەستەکە رێکاری دیكەی گرتوەتەبەر کە پەیوەندییان بەمۆڵەتەوە نییە، لەوانەش داخستنی بارەگای کۆمپانیاکە کە بەگوێرەی یاسای کۆمپانیاکانی عێراق تۆمار کراوە. 

کۆڕەک ئاماژەی بەوەش کردوە، دوای ئەوەی پەنایان بۆ دادگا بردوە، بڕیارێکی دادوەریی بەپەلەیان بەدەستهێناوە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی سەرۆکی دەستەکە هەڵدەوەشێنێتەوەو گرێبەستی یەکلاکردنەوەکە بەکارا دەهێڵێتەوە.
کۆمپانیاکە دەڵێت،"چاوەڕوان بوین دەستەکە ملکەچی بڕیاری دادگا بێت و پاساوی نوێ نەدۆزێتەوە بۆ بەردەوامیدان بەرێکارە سەرکوتکەرەکانی دژ بە کۆمپانیاکە" .

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،"سەرمان سوڕماوە لەسوربونی سەرۆکی دەستەکە لەسەر پێشێلکردنی یاساو پابەندنەبون بەبڕیاری دادگای دادپەروەر؛ کۆمپانیاکەمان مافی خۆی دەپارێزێت بۆ داواکردنی قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانەی کە بەهۆی رێکارە تاکلایەنانەکانی سەرۆکی دەستە و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگاوە بەر کۆمپانیاکە کەوتون" .

کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژە بەبەڵگەیەکی نوێ دەکات و دەڵێت، بەڵگەیەک هەیە کە دەیسەلمێنێت هەڵوێستێکی پێشوەختە دژیان هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە سەرۆکی دەستەکە ئەمڕۆ 1ی تشرینی دوەمی 2026 نوسراوێکی بۆ ناردون تاوەکو پاساو بۆ رێکارەکانی بهێنێتەوە، لەکاتێکدا رێککەوتی 29ی تشرینی یەکەمی 2026ی پێوەیە. 

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم پرسیار دەکات،" دوای هەموو ئەمانە، مافی خۆمانە بپرسین: ئایا لایەنی ئەقڵانی دەتوانێت پەسەندی بکات کە بڕیارەکانی بەڕێوەبەرێکی گشتی لەسەروی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە بن؟!"