شارپرێس:
ماڵپەڕێكی ئەمریكی ئاشكرایكردوە، كە ناتانیاهۆ لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لەدۆناڵد ترەمپ کردوە دەستبەجێ هێرش بکاتە سەر ئێران، مەڵپەڕەكە ئەوەشی ئاشكراكردوەو دەڵێت، ترەمپ بەتوندی ڕەتیكردۆتەوەو دەیەوێت دەرفەت بەدانوستان بدات.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی و بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە، ڕایگەیاندوە، شەممە دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی توندو ڕاستەوخۆی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە سەبارەت بەچارەنوسی دانوستانەکان لەگەڵ تاران.
ئاماژەیان بەوەكردوە، ناتانیاهۆ بەتوندی گوشاری خستوەتە سەر ترەمپ تاوەکو دەستبەجێ دوای تەواوبونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لەڕۆژی سێشەممە، گورزی سەربازی لەئێران بوەشێنێت؛ بەڵام ترەمپ پێی باشترە ئێستا دەرفەت بەدانوستانەکان بدات، ئەمەش نیگەرانیی قوڵی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی لێکەوتوەتەوە.
ترەمپ لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، دانوستانەکان بەرەو پێش دەچن و پەلەی لەهیچ ناکات، هەرچەندە ئێرانییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لەکاتی رێککەوتندا پاشەکشە دەکەن؛ سەرۆکی ئەمریکا هاوکات هۆشداریشیدا کە پێویستە چارەسەری یەک دوو پێگەی ئەتۆمیی ئێران بکرێت و وتی، دەتوانین لە 10 خولەکدا کێشەی پێگەی ناو 'کێوی فاس' (جبل الفأس) یەکلایی بکەینەوە، پلانمان بۆی هەیەو زۆر بەخێرایی ئەنجامی دەدەین".