شارپرێس:
سەرباری تێپەڕبونی زیاتر لەشەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی
سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە، تاکو ئێستا لێککەوتەی ململانێکانی پارتی
و یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە بەردەوامە و بەهۆی خراپی پەیوەندییەکانی سەرۆک کۆمار (یەکێتی) و
وەزیری دەرەوە (پارتی)، باڵیۆزی زیاتر لە 10 وڵاتی جیهان نەیانتوانیوە لە پۆستەکانیان دەستبەکار بن.
زیاتر لە چوار مانگە باڵیۆزانی نوێی هەریەک
لەوڵاتانی تایلەند، کەنەدا، سویسرا، مالیزیا، ئەلبانیا، چین، فەرەنسا، میسر، قوبرس
و ئستۆنیا چاوەڕوانی دەستبەکاربونیان لە باڵیۆزخانەی ولاتەکانیان لەبەغدا دەکەن، بەڵام
بەهۆی ئەوەی فوئاد حسێنی وەزیری دەرەوە ئامادە نییە لەمەراسیمی دەستبەکاربونیان بەشداربێت،
سەرۆک کۆماریش رەزامەندی لەسەر ئەو باڵیۆزانە نادات .
-رەنگە عێراق روبەڕوی قەیرانی دیپلۆماسی ببێتەوە
ئیڤان فایەق، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی
دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی "العالم الجديد"ی
راگەیاندوە،" ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی گواستراوەتەوە بۆ پرسی دەرەکی
و پرۆتۆکۆڵی و مەترسی ئەوە دروستدەکات کە رەنگە عێراق روبەڕوی قەیرانێکی دیپلۆماسی
لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ببێتەوە ".
-باڵیۆزە نوێیەکان چوار مانگە چاوەڕێی یەکلابونەوەی دۆخەکە
دەکەن
ئەو پەرلەمانتارە رونیشیکردەوە، وەزیری دەرەوە دەیەوێت بریکارە وەزارەتەکە
لەبارەی خۆی بنێرێت بۆ ئامادەبون لە مەراسیمی دەستبەکاربونی باڵیۆزە نوێیەکان، بەڵام
سەرۆکایەتی کۆمار ئەو پرسە رەتدەکاتەوەو داوا دەکات خودی وەزیری دەرەوە لەمەراسیمەکە
ئامادە بێت، لەئەنجامیشدا ئەو باڵیۆزانە ماوەی چوار مانگە لەچاوەڕوانی
یەکلابونەوەی دۆسیەکەیان لە هوتێل رەشید لەبەغدا ماونەتەوە.
-داوا لەسەرۆک وەزیران دەکرێت دۆخەکە چارەسەر بکات
ئەوەشیخستەڕوو، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە
نوسراوی فەرمی داوای لە وەزیری دەرەوە کردوە هۆکاری ئامادەنەبونی لە مەراسیمی
دەستبەکاربونی باڵیۆزەکان ڕونبکاتەوە، بەڵام تاکو ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە،
لەهەمان کاتتدا داوامان لە سەرۆک وەزیران کردوە دەستوەردان لە بابەتەکە بکات و
چارەسەری ئەم دۆخە بکات".
رێکارە پرۆتۆکۆڵییەکان چۆنن؟
بەپێی رێکارە پرۆتۆکۆڵییەکان، بە دوو قۆناغی جیاواز
پێشوازی لە باڵیۆزە نوێیەکان دەکرێت، یەکەمیان بریتییە لە پێشکەشکردنی مامەڵەکانیان
بە وەزارەتی دەرەوە، دواتر هەردوو فەرمانگەی مەراسیم لە وەزارەت و سەرۆکایەتی کۆمار
بەهەماهەنگی کاتێک دیاریدەکەن بۆ ئەوەی مامەڵەکان رادەستی سەرۆک کۆمار بکرێت، بەپێی
ماددەی 26ی پەیڕەوی مەراسیمی ساڵی 2016، دەبێت وەزیر ئامادەبێت لە مەراسیمی پێشکەشکردنی
مامەڵە و تەوقەکردن وچاوپێکەوتنی باڵیۆزەکان.
