شارپرێس:
ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا ستایشی سەرکردایەتیی نوێی سوریا بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دەکات بۆ دابینکردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ سعودیەو یەمەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەنگۆی توند لەسەر بڕیاری ناردنی هێز لەدیمەشقەوە بۆ شەڕی دژ بەحوسییەکان بڵاوبوەتەوە.
جو ویڵسۆن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەپارتی کۆماری، لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس، ستایشی هەڵوێستی ئازایانەی سەرکردایەتیی نوێی سوریای کرد، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەنگۆی توند لەسەر بەشداریکردنی فەرمیی سوپای سوریا بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع لەجەنگی یەمەنو پاڵپشتیکردنی سعودیە دژ بەحوسییەکان بڵاوبوەتەوە.
ئەندامەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا پێزانینی قووڵی خۆی نیشانداوه بۆ هاوکارییە سەربازییەکانی سوریا بۆ گەلی یەمەنو عەرەبستانی سعودی لەدژایەتیکردنی چەکدارە توندڕەوەکانی حوسی.
ویڵسۆن ڕایگەیاند، "سوریا لەژێر هەژمونی ئێران ڕزگاری بوەو بەمزوانەش هاوکار دەبێت لەڕزگارکردنی یەمەن لەهەمان هەژمونی تاران".
ناوبراو داوای لەتەواوی گەلانی ناوچەکە کردوه، پێکەوە دژ بەبریکارەکانی ئێران بوەستنەوە.
بڵاوبونەوەی ئەم لێدوانە ئەمریکییە دوای ئەوەدێت، ئاژانسی (AFP) فەرەنسی لەزاری سەرچاوە حکومییەکانی یەمەنەوە بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، لەمیانی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ڕیاز، لەگەڵ محەمەد بن سەلمان هاتوەتەسەر هێڵ.
بهگوێرهى ئەو دەنگۆیانە، سوریا بەنیازی ناردنی نزیکەی سێ هەزار سەرباز بوە بۆ پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانیی عەرەبی دژ بەحوسییەکان.
وێڕای لێدوانەکەی ئەندامی کۆنگرێس، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرمی لەدیمەشق لەڕێگەی ئاژانسی (سانا)ى سوریاوە تەواوی ئەو زانیارییانەی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاندوه، "باسکردن لەناردنی هێزی سەربازیی سوریا بۆ یەمەن لەکاتی ئێستادا هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە، ڕێککەوتنە سەربازییەکانی ئەمدواییەی نێوان شەرعو سعودیە تەنها لەسەر مەلەفی مەشقو ڕاهێنان، گۆڕینەوەی ئەزمونی ئەمنیو ئاوەدانکردنەوەی سوپای ناوخۆیی سوریایەو لەکاتی ئێستادا پاراستنی سنورەکانی سوریا لەپێشینەی کارەکانیاندایە".
