پێستەکەی بە 400 دۆلار دەفرۆشرێت؛ بازرگانیی "ژێلاتین" مەترسیی لەسەر گوێدرێژەکانی ئەفریقا دروست دەکات

هەمەڕەنگ

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 262 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بازرگانیی پێستی گوێدرێژ لە ئەفریقا، کە بە مەبەستی بەدەستهێنانی ماددەی "ژێلاتین" ئەنجام دەدرێت، بۆتە هۆی زیادبوونی دزینی گوێدرێژ، کوشتنی نایاسایی و قاچاخبردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، بە جۆرێک نرخی پێستی یەک گوێدرێژ دەگاتە نزیکەی 400 دۆلار.

ئەم بازرگانییە ئامانجی بەدەستهێنانی ژێلاتینە کە لە پێستی گوێدرێژەوە دەرهێنرێت و لە بەرهەمهێنانی هەندێک بەرهەمی پزیشکیی و نەریتی لە بازاڕە ئاسیاییەکاندا بەکاردەهێنرێت.

بەپێی ڕێکخراوی "ژا دۆنكی سانكتشواری"، ساڵانە نزیکەی 6 ملیۆن گوێدرێژ لە کۆی 50 ملیۆن گوێدرێژی جیهاندا دەکوژرێن، کە نزیکەی 70%ی کۆی گوێدرێژەکان لە ئەفریقان.

ئەلێکس جۆناتا، سەرۆکی کۆمەڵەی پاراستنی گوێدرێژ لە ئەفریقا، دەڵێت تۆڕەکانی ئەم بازرگانییە گوێدرێژەکان بە نرخێکی بەرز لە دانیشتووانی گوندەکان دەکڕن، لە کاتێکدا هەندێک تۆڕی تاوانکاریش دەستیان بە دزینیان دەگات و بە نهێنی بۆ شوێنە دوورەکان دەیانگوازنەوە.

ئەم دیاردەیە تەنیا ژمارەی گوێدرێژەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکو ژیانی ملیۆنان خێزانی گوندنشینیش دەخاتە مەترسییەوە؛ چونکە گوێدرێژەکان لە گواستنەوەی ئاو، خۆراک، دەرمان و بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن و سەرچاوەی داهاتی زۆر خێزانن.

لە لایەکی دیکەوە، کوشتنی گوێدرێژەکان لە شوێنە نایاسایی و ناپاکەکاندا مەترسیی تەندرووستیی و ژینگەیی درووست دەکات. توێژینەوەیەک لە کینیا، کە 108 نموونەی پێستی گوێدرێژی لەخۆگرتووە، دەریخستووە 88 نموونە بەکتریای "ستافیلوکۆکۆسی زێڕینی" تێدا بووە و 44 نموونەشی بەرگریی بەرانبەر دژەبەکتریاکان نیشان داوە.

هەروەک، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە پەیوەندیی ئەم بازرگانییە بە تۆڕەکانی قاچاخی ئاژەڵانی کێوی، شۆردنەوەی پارە و قاچاخی چەک و ماددە هۆشبەرەکان دەکەن.

لە ساڵی 2024دا، سەرکردە ئەفریقییەکان قەدەغەکردنی کوشتنی گوێدرێژەکانیان بە مەبەستی بازرگانیی پێستیان ڕاگەیاند و ستراتیژییەکی پاراستنیان تا ساڵی 2035 پەسەند کرد، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە، توندکردنەوەی چاودێریی سنوورەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی، هێشتا ئاڵنگارییەکی سەرەکییە.