پەرلەمانتارێك: بارزانی ماوەی سەرۆكایەتی تەواوبووەو بڕیارەكانی شەرعییەتی نییە

عیراق

30/07/2017‌ 741 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شێخ محەمەد سەهیود پەرلەمانتاری عێراقی بەئاماژە بە "نایاسایی بوونی" پرسی بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كردو رایگەیاند "یڕیارەكانی بارزانی وەك كەسێك، كە ماوەی سەرۆكایەتی تەواوبووەو شەرعییەتی نییە، تەواو نایاساییە".

شێخ محەمەد سەهیود لەبارەی بڕیاری مەسعود بارزانی، كە ڕایگەیاندووە بەهیچ جۆرێك لەبڕیاری بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی لەدەوڵەتی ناوەندی عێراق ناكشێتەوە راشیگەیاندووە "بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەتەواو مانا نایاسایی‌و بەپێچەوانەی تەواو یاسا نێودەوڵەتییەكانە".

ئەو پەرلەمانتارە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی مێهر ئەوەشی راگەیاندووە "بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەكان تەنیا گەلانی داگیركراو و ژێر ستەم دەتوانن چارەی خۆنووسی خۆیان دیاریبكەن،  بەڵام كوردەكانی عێراق نە داگیركراون‌و نە لە ژێر ستەم دان تا بیانەوێت لە ژێر ناوی چارەی خۆنووسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە ببەن".

ئەو پەرلەمانتارە هەروەها رایگەیاندووە "كوردەكان لەعێراقدا یەكێك لەپێكهاتە سەرەكییەكانی ئەم وڵاتەن، بۆیە هیچكات یاسا نێودەوڵەتییەكانی داواكارییەكی لەو چەشنە بەهەند وەرناگرێت".

شێخ محەمەد سەهیود باسی لەوەش كردووە، كە لەلایەكی دیكەوە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بە "تەواو مانا پێشێلكردنی دەستووری عێراقیشە، چونكە دەستووری عێراق داكۆكی لەیەكپارچەیی‌و هاوڕێزیی‌و سەروەریی نیشتمانی دەكاتەوە". 


ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بڕیاریانداوە لە 25/9/2017 ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرێوەبەرن، كە سوورن لەسەر بڕیارەكەشیان‌و ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە.

هـ ـ ح