"جوڵانەوەی نەخێر" هەڵوێست لەسەر فەرهاد سەنگاوی رادەگەیەنێت

کوردستان

11/08/2017‌ 3019 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رابون مەعروف وتەبێژی "جوڵانەوەی نەخێر لەئێستادا" هەڵوێستی جووڵانەوەكەیانی سەر دەركردنی فەرهاد سەنگاوی لەلایەن یەكێتی نیشتمانییەوە راگەیاند.

رابوون مەعروف لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند "گروپێك لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، لەسەر بەشداریكردنی لەجوڵانەوەی (نەخێر لەئێستادا)، بڕیاری دەركردنی كاك فەرھاد سەنگاویان لەو حیزبە دەركرد".

وتەبێژی "جوڵانەوەی نەخێر" راشیگەیاند "ھەڵبەت جگە لەوەی بۆ فەرھاد سەنگاوی شانازییە لەسەر نەخێر بۆ بیست‌و شەش ساڵی حوكمڕانی كوردی، كە پڕاو پڕە لەزوڵم‌و بێدادی، سزا بدرێت، ئەم جوڵە نادیموكراتییانەیە ھاوسۆزی‌و ھاوپشتی بۆ جوڵانەوەی نەخێر‌و شەخسی كاك فەرھاد سەنگاوی زیاتردەكات‌و دەنگی (نەخێر) لەھەموو لایەكەوە بەرزتر دەبیتەوە".

رابوون مەعروف دڵنیاییداوە بەوەی "سزای ئەوتۆ نەك ھەر خەڵكی ئازای وڵاتەكەمان ناترسێنێت، بەڵكو لەڕۆژی دەنگدان بە (نەخێر) سزای ھەموو ئەزموونی حوكمڕانی بیست‌و شەش ساڵەی دەستەبژێری دەسەڵات دەدات".

مەكتەبی سیاسی یەكێتی رۆژی رابردوو "پێنج شەممە 10 ئاب" فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری حیزبەكەی لەپەرلەمانی كوردستان دەركرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشداری "جوڵانەوەی نەخێر"ی بۆ ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی داهاتوو كردووە.

هـ ـ ح