شارپرێس:
سەعدی ئەحمەد پیرە، رەتیكردەوە شاندی باڵای ریفراندۆمی هەرێم بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی گفتوگۆیان لەسەر پارە كردبێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، كە ئەندامی ئەو شاندەی هەرێم بوو بۆ پرسی ریفراندۆم سەردانی بەغدایان كرد، ئەمڕۆ سێ شەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند "لەهیچ كۆبوونەوەیەك لەبەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی پۆستو پارەمان نەكردووە".
ئەندامەكەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا راشیگەیاند "شاندی ئێمە بۆ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم چووە بەغداو لەگەڵ لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆیان كردووە، نەك پرسی وەرگرتنی پۆستو پارەو دواخستنی ریفراندۆم".
قسەكانی سەعدی لەكاتێكدایە بەدرێژایی هەفتەی رابردوو، شاندەكەی هەرێم لەبەغدا بوونو گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كرد، ئەوەش بۆ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەمانگی نۆی داهاتوو.
سەعدی پیرە هەروەها ئاشكرایكرد، كە سبەی چوار شەممە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم كۆدەبێتەوەو شاندەكەی بەغداش بەراپۆرتێك ئەنجامی كۆبوونەوەكانی هەفتەی رابردوو باس دەكات.
هـ ـ ح