شارپرێس:
بڕیارە لەناوچە جێناكۆكی لەسەرەكانیش بەشداری لەو ڕیفراندۆمەدا بكەن، كە چاوەڕواندەكرێت لە 25 ی ئەم مانگەدا سازبكرێت، بەڵام بەپـێی كاربەدەستان لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەكەركوك كارەكان لەناوچەكانی ئەوان كەمێـك دواكەوتوون.
بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا، هۆكاری دواكەوتنی كارەكان "بەهۆی درەنگ كردنەوەی ئۆفیسەكانیان بەراورد بەئۆفیسی شارەكانی دیكەوەیە".
هەر بەپێی راپۆرتەكە، هەرچەندە پـرۆسەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم ئاسانترە لەپـرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پـێوستی بەئامادەكارییەكی تەواو هەیە بەتایبەتی، كە بۆ پـرسێـكی وەها گرنگ بێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، لەسەروبەندی نزیكبوونەوەی بەرێوەچوونی پرۆسەی ریفرامدۆم، مەحمود سەنگاوی ئەندامیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هۆشداریدا لەئەگەری هێرشی هێزەكانی حكومەتی ناوەندی بۆ سەر شاری كەركوك لەڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكە.
مەحمود سەنگاوی راشیگەیاند "لەشارۆچكەی مەندەلیش هەڕەشە لەكوردەكان كراوە ئەگەربێت ڕیفراندۆم لەوێ ئەنجام بدەن ئەوا هێرش دەكەنە سەریان"، كە ئەمە گومانی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە لەو ناوچانە دروستكردووە.
هـ ـ ح