بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عێراق
فوئاد مەعسوم "بێ‌ لایەنی" خۆی لەپرۆسەی ریفراندۆم راگەیاند

عیراق

09/09/2017‌ 1889 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق، بڵاویكردەوە فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار لەسەر پرسی ریفراندۆم "بێ لایەنەو هەوڵی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق دەدات".

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڵاویكردەوە، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق "زۆر پەرۆش‌و پەیوەستە بەكۆدەنگی عێراقییەكان لەپێناوی زامنكردنی جێبەجێكردنی بەندو بڕگەكانی دەستوور، نەك چوونە پاڵ لایەنێك دژی لایەنێكی تری پرۆسەی سیاسی."

راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆمار لەوەڵامدانەوەی ژمارەیەك دەزگای میدیایی‌و پەرلەمانتار هاتوووە، كە وا بڵاوكراوەتەوە هەڵوێستی روونی لەسەر پرسی ریفراندۆمی هەرێم نییە.

لەو بارەوە نووسینگەكە رایگەیاندووە "سەرۆك كۆمار وتەبێژێكی سیاسی نییە تا رۆژانە روانینی خۆی دەرببڕێت لەسەر رووداو و پێشهاتەكان لەبوارە نیشتمانی ئیقلیمی‌و نێو دەوڵەتیدا هەبێت".

لەبەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "سەرۆك كۆمار تەواوی هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان‌و داواكاری بۆ دیالۆگی زیاتر لەپێناوی كۆتایی هێنان بەكێشە هەڵپەسێراوەكان"، جەختیش دەكاتەوە پاراستنی دەستوورو چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەندەكانی لەریزی پێشەوە داناوە.

پێشتر ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراقی لەوانە عالیە نەسیف وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رەخنەی لەهەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق گرتبوو، بەرانبەر ریفراندۆمی هەرێم بێدەنگن ‌و هەڵوێستی جدیان نییە، كە بڕیارە پرۆسەكە لە 25 ئەم مانگە بەرێوەبچێت.

ر . ا

بەپەلە