بەهرۆز گەڵاڵی لەسەر ریفراندۆم هۆشداری توند دەداتە سەركردایەتی سیاسی كورد

کوردستان

18/09/2017‌ 4848 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، سەركردەكانی كورد دەبێت ئەوە بزانن ئەو هەڕەشانەی توركیاو ئێران‌و عێراق جدین‌و ئەگەر بەهەندی وەرنەگرن كوردستان دەكەنە گۆمی خوێن.

بەهرۆز گەڵاڵی، كە بەهۆی چەند كێشەیەكەوە توركیا لەئەنقەرە دەریكردووە، وەك كادیرێكی یەكێتی نیشتمانی روی كردە سەركردەكانی حیزبەكەی‌و راشیگەیاند "دەبێت‌ بزانن ناوچە جێناكۆكەكانمان هەمووی لەدەست دەڕوات بەكەركوكی قودسی كوردستانیشەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكرێت، كە ئەمە كاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدواوە هاتووەو چەند وڵاتێك، بەتوندی لەو بارەوە هۆشداری دەدەن، لەوانە توركیاو ئێران.

بەهرۆز گەڵاڵی لەلێدوانێكی بۆ شارپرێس داوایكرد، كە ئامۆژگارییەكانی ئەمریكاو بەریتانیاو فەڕەنسا بەهەندوەربگرن‌و فەرامۆشی نەكەن، چونكە "مەسەلەكە جدیییە"، ئەوەشی راگەیاند "لەپەیامی دۆستەكانمان بگەن‌و ریفراندۆم دوابخەن‌و واز لەموزایەداتی سیاسی بهێنن بەناوی دروستكردنی دەوڵەتی كوردستانەوە".

قسەكانی نوێنەری یەكێتی لەتوركیا لەكاتێكدایە، ئێستا چەند وڵاتێك پێشنیازی دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمیان كردووە، لەوانە ئەمریكاو فەرەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیاو نوێنەری رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكات.

گەڵاڵی ئەوەشی راگەیاندووە "هەموومان دەوڵەتمان دەوێت، بەڵام دەوڵەت دروستكردن ئەعەقڵ‌و مەنتیق‌و هێز دروستدەكرێت نەك بەموزایەدە‌و عینادی، كە بڕوام وایە لەچركەكانی دوایشدا بێت ریفراندۆم دوادەخرێت‌و ئەنجامنادرێت".

هاوكات لەدرێژەی كاردانەكان رۆژی 22 ی ئەیلول واتا سێ‌ رۆژ پێش ئەو وادەیەی بۆ ریفراندۆم دانراوە ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا سەبارەت بەریفراندۆم كۆدەبنەوە، لەو بارەوە ناوبراو ئەوەی راگەیاند "لەوێوە تەوسییە دەكەن بۆ دەوڵەت‌و حكومەتی توركیا ئەگەر هەرێم ریفراندۆم دوانەخات توركیا بەهێزی عەسكەری دێتە هەرێمی كوردستان‌و هەموو جۆرە هەنگاوێكی سیاسی‌و ئابوری دەگرنەبەر".

هـ ـ ح

بەپەلە