هەرێم دان بەبڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ دواخستنی ریفراندۆم نانێت

عیراق

19/09/2017‌ 492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەفین دزەیی وتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند بڕیاری دادگای باڵای عێراق بۆ راگرتنی راپرسی بڕیارێكی "بێلایەن نییەو دادگاكە بەسیاسی كراوە"، بۆیە دانی پێدانانێن.

سەفین دزەیی لەلێدوانێكی قسەی لەبارەی بڕیاری دادگای باڵای عێراق بۆ راگرتنی راپرسی كردو راشیگەیاند "هەرێم رێز لەئەندامانی دادگای باڵا دەگرێت، بەڵام بۆ ئەو بڕیارە پێمانوایە بڕیارێكی بێلایەن لەو بارەیەوە نەدراوە".

وتەبێژی حكومەت بەڵگەی بۆ قسەكانی هێنایەوەو ئەوەی راگەیاند، كە چەندین ساڵە دۆسیەیان پێشكەش بەو دادگایە كردووە، بەڵام زۆربەی دۆسییە گرنگەكانی وەرنەگرتووە، بەڵام لەسەر ریفراندۆم بەخێرایی بڕیارێكی لەو جۆرەی داوە.

دادگا فیدراڵی عێراق لەسەر راسپاردەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی دوو شەممە بڕیاری راگرتنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانی دەركرد، كە بڕیارە لە 25/9/2017 بەرێوەبچێت.

سەفین دزەیی جەختیشیكردەوە، كە پێویستە ھەر بڕیارێك یاخود یاسایەك لەپەرلەمانی كوردستان دەردەچێت، دەبێت لەدادگای فیدراڵی بناسرێت، بەڵام بۆ ئەو پرسە دادگاكە "بێلایەنی خۆی لەدەستداوەو كراوە بەسیاسی".

هـ ـ ح