مەسرور بارزانی: زۆر وڵات ھەن دان بەدەوڵەتی كوردستاندا دەنێن

کوردستان

20/09/2017‌ 865 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر كوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت زۆر وڵات هەن دان بەدەوڵەتی كوردستاندا دەنێن.

مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەمیانی بەشداری لەبەرنامەیەكی كوردستان24، راشیگەیاند "پێمانوایە ئێستا باشترین كاتە بۆ سەربەخۆیی كوردستان‌و ئەگەر گەلی كوردستان بڕیار لەسەر سەربەخۆیی بدات لەو باوەڕەداین، كە زۆرێك لەوڵاتان ئامادەن دان بەدەوڵەتی كوردستاندا بنێن".

مەسرور بارزانی راشیگەیاند "ئێستا لەھەموو سەردەمێكی تر ئامادەیی تێدایە بۆ ئەوەی ئێمە بەرەو سەربەخۆیی بچین، ھەم خەڵكی كوردستان ئامادەترە، ھەم پشتیوانی نێودەوڵەتی بەشێوەیەك ئامادەترە، كە دەتوانم بڵێم، دژایەتی دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان ناكرێت".

بڕیارە 25 ئەیلول ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لەھەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، لە رۆژانی رابردوودا چەندین شاندی وڵاتانی جیھان بۆ دواخستنی كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە‌و داوایان لەبارزانی‌و سەركردایەتی سیاسی كوردستان كردووە كە ریفراندۆم دوا بخرێت، بەڵام بەھۆی نەبوونی ھیچ بە دیل‌و گرەنتی نێودەوڵەتی، ھەرێمی كوردستان سوورە لەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم.

هـ ـ ح