شارپرێس: نیقاش
شیكاری.. كاسرین شایەر
لەهەموو شوێنێك، كەناڵە راگەیاندنی نێودەوڵەتی لەبارەی ریفراندۆمی داهاتووی كورد دەنووسن، بەڵام لە زۆرێك لەنووسینە سەرەكییەكاندا بەشێك ونە كە رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ دروستكردنی بۆچوونی رۆشنگەر.
لەكاتێكیشدا، كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق لاپەڕەی پێشەوەی رۆژنامەكانی لە سەرانسەری جیهاندا نەگرتووە، بەڵام زۆریش لێوەی دوور نەبووە. ئەوەش بەزۆری بۆ ئەو نیگەرانییە نێودەوڵەتییە بەرفراوانە دەگەڕێتەوە سەبارەت مانای ریفراندۆمو جۆری ئەو كێشانەی كە رەنگە لە ماوەی پێش یاخود پاش رووداوەكە دروستیان بكات.
رەنگە ئەوەی زیاتر بەلای دانیشتوانی ناوچەكەوە سەبارەت بە رووماڵی نێودەوڵەتی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی جێی بایەخ بێت، ئەو تێڕوانینە هاوسۆزانەیە بێت كە هەموو جیهان سەیری گەلی كوردی عێراقی پێدەكات.
زۆربەی نووسینەكان بە ئازادی دان بەوەدا دەنێن كە كورد گەورەترین كەمینەی رەگەزییە لە جیهاندا دەوڵەتی نییە. نزیكەی هەموو نووسەرەكانیش بەدوورو درێژی باسی ئەو ئەزموونو تەنگانانە دەكەن كە كوردی عێراق پێیاندا تێپەڕیون، بەشێوەیەكی تایبەتیش ئەوەی لەژێر حوكمی سەدام حسێنی سەرۆكی پێشووی عێراق بەدەستییەوە دەیانناڵاند. چونكە ئەو هێرشە كیمیاییەی كرایە سەر شاری هەڵەبجەو بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران كەس، هێشتا لەبیر نەكراوە.
بەڵام زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندنی خۆرئاوا، دوای دەربڕینی تێگەیشتنی خۆیان، دەچنە سەر باسكردنی ناڕەزایی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ریفراندۆمو لیستی ئەو دۆستو دوژمنانەی بەرهەڵستی ئەو نموونە كوردییەی دیموكراسی راستەوخۆ دەكەن، رۆژ لە دوای رۆژ درێژ دەبێتو هەر دەوڵەتێك بەرهەڵستی خۆی رابگەیەنێت، مانشێتە سەرەكییەكان داگیر دەكات.
چەند كەناڵێكی راگەیاندنی ئەوروپا پێیان وایە ئەوەی تایبەتی مایەی تێبینیە، ئەوەیە ئەمجارە ویلایەتە یەكگرتووەكان، كە بەردەوام هاوپەیمانێكی دڵسۆزی كوردستانی عێراق بووە، نەیتوانی لەپشتی پەردەوە رێككەوتن بۆ دواخستنی ریفراندۆم بكات، وەك ئەو رێككەوتنانەی هەمیشە نێردراوەكانی ئەنجامی دەدەن.
چەندین شرۆڤەكار ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە ئەو راگەیەندراوەی دواجار ویلایەتە یەكگرتووەكان سەبارەت بەم بابەتە دەریكرد، بەپێچەوانەی جارانەوە، توندبوو.
هەمیشەش لێكدانەوە بۆ بەرهەڵستی توركیاو ئێران دەكرێت. هەردوو وڵاتەكەش لە كاریگەری سەربەخۆیی دەترسن لەسەر كوردی وڵاتەكانیان.
ئەڵمانیا بە پەناگەی گەورەترین ژمارەی كوردی پەرتەوازە لە جیهان دادەنرێت، لە كوردستانی عێراقیش ستایشی ئەڵمانییەكان دەكرێت كە یارمەتی سوپای خۆجێییان داوەو پڕچەكیان كردووە، كەچی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ریفراندۆمی رەتكردۆتەوە. لە هەندێك كەناڵی راگەیاندنی ئەڵمانیاشدا ناوچە كوردیە نیمچە سەربەخۆكانی سوریا بوونەتە جێی بایەخ، رەنگە ئەوەش لەبەر ئەوە بێت كە زۆرێك لە چەپەكانی ئەڵمانیا سەرسوڕمانی خۆیان سەبارەت بە رێچكەی سیاسی ناسراو بە "كۆنفیدراڵی دیموكراتی" پیشان دەدەن كە پارتی كرێكارانی كوردستان لەو ناوچانە پەیڕەوی دەكات.
تاڕادەیەك بە شێوەیەكی بەردەوامیش ئاماژە بۆ شاری كەركوكی باكوور دەكرێت كە "ناوچەیەكی گەرمە". بۆنموونە، كەناڵەكانی راگەیاندنی جیهانی زۆرجار تێبینی ئەو رووداوە زۆرانەی تەقەكردن ناكەن كە لەوێ روودەدات، بەڵام دوایین رووداویان كە زیاتر لە یەك هەفتە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە نێوان كوردو توركماندا روویدا، لە ریزی پێشەوەی ناونیشانی رۆژنامە نێودەوڵەتییەكاندا هات.
بەشێوەیەكی گشتی پەیامەكە چییە؟ هاوسۆزییەك هەیە بۆ خواستی كورد لە دامەزراندنی دەوڵەتو وەك شەڕەنگێز لە كورد ناڕوانرێت لەبەر ئەوەی ئەو خواستەیان دەردەبڕین، بەڵام وەك زۆرێك لە دیپلۆماتانی زۆر لە وڵاتان باسی دەكەن، سەربەخۆیی بیرۆكەیەكی باش نییە، لە ئێستا نابێت.
ئەوەی كەناڵەكانی راگەیاندنی نێودەوڵەتی بەلای باسكردنیدا ناچن – یاخود زۆرجار بەشێوەیەكی راگوزەر باسی دەكەن یان تێیدا قوڵ نابنەوە – داننانە بە ئاڵۆزی سیاسەتی ناوخۆیی لەو هەرێمە كوردییەدا.
زۆربەی رۆژنامە نێودەوڵەتییەكان بەئاستەم باسی ئەوە دەكەن كە زیاتر لە ساڵێكە كاری پەرلەمانی كوردستان هەڵپەسێردراوەو ئێستا سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە بۆ كاركردن – تەنانەت لەم بارەشدا بەرهەڵستانی ریفراندۆم بەشداریان تێدا نەكرد -.
ئەو رۆژنامانە بەلای شیكردنەوەی ئەوەدا ناچن كە ئەو قەیرانە داراییەی ماوەیەكی زۆرە ناوچەكەی گرتووەتەوە، بووتە مایەی داڕمانی دەستی كاری ناوخۆییو كاروباری بازرگانیو دروستكردنی گرژی ناوخۆیی. ئەو رۆژنامانە زۆرجار خۆیان لەوەش لادەدەن كە سەرەڕای رووكەشەكان، ئەوا كوردستانی عێراق زۆر لە دیموكراسی راستەقینەوە دوورە، بەڵكو زۆریش لە دەستپاكی یاخود یەكگرتووییەوە دوورە.
بەهەرحاڵ یەكێك لە گرنگترین فاكتەرەكان لە هەموو ئەم دۆخەدا، بەلای رەخنەگرانەوە، ئەوەیە كە لایەنگری سەرەكی ئەم ریفراندۆمە – مەسعود بارزانی – ئێستا سەرۆكی شەرعی كوردستانی عێراق نییە.
زۆر كەس تێبینی ئەم فاكتەرانەیان نەكردووە، بەڵام واشنتۆن پۆستو ئیكۆنۆمیست تێبینی هەندێك لەو خاڵانەیان كردووە. بۆ نموونە، رۆژنامە ئەمریكییەكە نووسیویەتیو دەڵێت: "رەخنەگرانی كورد لە بارزانی دەڵێن ئەو دەنگدانە بۆ پتەوكردنی دەسەڵاتەكەیو میراتەكەی بەكاردەهێنێت لە كاتێكدا دەسەڵاتی بەهۆی قەیرانی داراییەوە لاواز بووە".
واشنتۆن پۆست Washington post:
پەیمانێری گۆڤارە ئابوورییە بەریتانیەكەش دەڵێت لە كاتێكدا رێپێوانی نیشتمانی رەنگاورەنگو گەورە بۆ پشتیوانی ریفراندۆم لەو بەشەی كوردستانی عێراق بەڕێوە دەچن كە مەسعود بارزانیو حزبەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەی دەبەن، ئەوا نیوەكەی دیكەی هەرێم كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرهەڵستی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەی دەبات، پێناچێت زۆر حەماسەتی هەبێت.
ئیكۆنۆمیست:
ئەمەش مانای وایە كە گرێكوێرەی داواكارییە سۆزداریو روونەكانی سەربەخۆیی كورد (كە لە هەندێك رووەوە رەوان)، زۆرجار دەخرێتە چوارچێوەی شەڕی نێوان بەغداو هەولێرەوە، كە بابەتێكە تەنیا پێویستی بە دانووستانی زیاترە بۆ چارەسەركردنی.
بەڵام ئەوانەی ماوەیەكە چاودێری كاروباری عێراق دەكەن، دەزانن كێشەو گرێكوێرەكانی پشت ئەو شەڕە كە خۆیان لە بابەتەكانی وەك داهاتی نەوتو هاووڵاتیبوونو پارەداركردنی سەربازیو سنووردا دەبیننەوە، چەند ساڵێكە وەك خۆیان بەبێ چارەسەر ماونەتەوە سەرەڕای هەنگاوە ئەرێنییەكانو ئەو سەودانامەو رێككەوتنانەی ئیمزاكراونو پاشانیش ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەكراون. بۆیە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان هیچ یەكێك لەم كێشانە چارەسەر ناكاتو ئەگەر سەربەخۆیی كوردستانیش بێتەدیو ئەگەر لەتوانادا بێت كۆنفیدراڵی كوردیش بەدیبهێنرێت، ئەوا دوای پرۆسەیەكی دوورودرێژ دەبێت.
مایكڵ نایتسی شرۆڤەكار بۆ "بی بی سی" نووسیوەو دەڵێت: "زۆرێك لە گەورە سیاسییە عێراقییەكان ئەو نهێنییەیان پێوتووم كە باوەڕیان وایە (كوردستانی عێراق) بەهێواشیو بەبێ گەڕانەوە دەبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ". هەروەها لە كۆتاییشدا دەڵێت: "هیچ سەركردەیەكی عێراق ناتوانێت بە ئاشكرا ئەوە بڵێت، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی خۆجێییو نیشتمانیدا... ئەمەش مانای وایە رۆژی دوای ریفراندۆم رەنگە تاڕادەیەكی زۆر هاوشێوەی رۆژی پێشتر بێت".
هەموو ئەوانەش ئەو پرسیارە دەوروژێنن كە دەبێت میدیای عێراقیو نێودەوڵەتی بەهەمان شێوە بیكەن: كێ زیاتر سوودمەند دەبێت لەم ریفراندۆمە جەماوەریو پۆپۆلیستییە؟ ئایا گەلی كوردە؟ وەڵامەكانیش شیكردنەوەو لێكۆڵینەوەی وردیان دەوێت لەو جۆرەی ناكرێت بەبێ یارمەتی كەناڵەكانی راگەیاندنی تێودەوڵەتی ئەنجام بدرێن، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی كەشوهەوای ئەو ململانێ گەرمەی لە عێراقدا هەیە.
