حاكم قادر نامەیەك لەسەر ریفراندۆم ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ دەكات

کوردستان

24/09/2017‌ 1892 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حاكم قادر حەمەجان، كارێگڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نامەیەكی ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی حیزبەكەی لەسەر پرسی ریفراندۆم كردووە.

حاكم قادر رۆژی شەممە نامەكەی ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ كردووەو ئەمڕۆ یەك شەممە دەقەكەی بڵاوكردووەتەوە، كە تێدا هاتووە "ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی مافێكی دیموكراتییانەو ڕەوای گەلی كوردستانە وەك مافی چارەنوس بۆ گەلی كوردستان لەهەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكان.. ئەمە بڕیارو هەڵوێستی (ی.ن.ك) بووە".

هەروەها لەنامەكە هاتووە، كە "پێویستە ڕیفراندۆم بۆسەربەخۆیی بەگشتی ئەنجام بدرێت‌و هەڵوێستمان ئاشكراو ڕوون بووە وەك (ی.ن.ك) لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی, كە مافێكی ڕەواو حاشاهەڵنەگری گەلی كوردستانە لەسەر بنەماكانی (جاری جیهانی مافەكانی مرۆڤ)".

حاكم قادر جەختیكردووەتەوە، كە ئەگەر ریفراندۆم لە كەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكانی تر نەكرێت, "لەڕووی سیاسی‌و نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و مێژووییەوە نادروستە، لەبەرئەوە بەبێ‌ كەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكان ڕیفراندۆم بكرێت, ڕاگرتنی باشترە لەئێستادا بەو مەرجەی بەهەموو لایەك هەوڵبدەین ڕێگاچارەیەكی گونجاوی ئەوتۆ بدۆزینەوە، كە لەبەرژەوەندی گەلی كوردستاندا بێت بەگشتی".

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، كە ئێستا دەنگۆیەك هەیە پرۆسەكە لەناوچەكانی كەركوك‌و مادەی 140 ئەنجامنادرێت.

دەقی نامەكە..
لە/ حاكم قادر
بۆ بەڕێز / كاك كۆسرەت , جێگری سكرتیری گشتی ی.ن.ك
بۆ بەڕێزان / ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك
پاش سڵاو ...
ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی مافێكی دیموكراتیانەو ڕەوای گەلی كوردستانە وەك مافی چارەنوس بۆگەلی كوردستان لە هەرێم و ناوچە كوردستانییەكان ..ئەمە بڕیارو هەڵوێستی (ی.ن.ك) بووە.

پێویستە ڕیفراندۆم بۆسەربەخۆیی بەگشتی ئەنجام بدرێت و هەڵوێستمان ئاشكراو ڕوون بووە وەك (ی.ن.ك) لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی,كە مافێكی ڕەوا و حاشاهەڵنەگری گەلی كوردستانە لەسەر بنەماكانی (جاری جیهانی مافەكانی مرۆڤ) .

ئەگەر لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی تر نەكرێ‌ , لەڕووی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەی و مێژووییەوە نادروستە.

لەبەرئەوە بەبێ‌ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ڕیفراندۆم بكرێت , ڕاگرتنی باشترە لە ئێستادا بەو مەرجەی بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین ڕێگاچارەیەكی گونجاوی ئەوتۆ بدۆزینەوە كە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا بێت بە گشتی.

لەگەل رێزدا..
بەروار/2017/9/23

هــ ـ ح