عەبادی: هەرێم نەوت دەفرۆشێت‌و داهاتەكەی دەشارێتەوە

عیراق

24/09/2017‌ 1356 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەرێمی كوردستان نەوت دەفرۆشێت‌و داهاتەكەی دەشارێتەوەو موچەی فەرمانبەرانی خۆشی نادات.

حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ یەك شەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، كە هەرێمی كوردستان رێگرە لەئاشكرابوونی داهاتی نەوت‌و داهاتەكانی تریشی، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی سەربەخۆن‌و رێگەنادەن لیژنەكانی نەزاهەو چاودێری ئاشكرایبكەن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمیشی كردو ئەوەی راگەیاند، بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە، پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوتووەو كێشەكانیش بەردەوامی هەیە.

قسەكانی حەیدەر عەبادی لەكاردانەوەی بڕیاری هەرێم بوو بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، كە ئەوەشی راگەیاند، ئەوان جەخت لەیەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەن‌و ریفراندۆمەكە رەتدەكەنەوە.

عەبادی هەروەها رایگەیاند، ئەوان لەرابردوو نەیانویستووە، شەڕی راگەیاندن لەگەڵ هەرێم بكەن، ئەوەش وەك پابەندی بەدەستووری عێراق‌و پاراستنی پەیوەندییەكانی بەغداو هەولێر، بەڵام چیتر لەمەولا بێدەنگ نابن‌و هەموو راستییەكان باس دەكەن.

هـ ـ ح

بەپەلە