شارپرێس:
ئێوارەی ئەمڕۆ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانى كوردستان، ڕێگەی نەدا پەیامێری شارپرێس پرسیاری لێبکاتو وەڵامی پرسیاری بەشێک لەڕۆژنامەنوسانیشی نەدایەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتیی، لەشاری سلێمانی یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانى خۆی وەک وتەبێژی حزبەکە ئەنجامداو تیایدا ژمارەیەک دەزگاو کەناڵی میدیایی ئامادەبونو پرسیاریان لەبارەی دواین گۆڕانكارییەکانو هەڵوێستی یەکێتییو ڕوداوەکەی لالەزارەوە هەبوو.
لەکۆنگرەكهدا، وتەبێژی یەکێتیی وەڵامی بەشێکی زۆر لەپرسیاری پەیامنێرانو دەزگا میدیاییەکانی نەدایەوەو ئەوانەش کە وەڵامی دەدانەوە وەڵامێکی کورتو چەند وشەیی بوو کە دوربوو لەناوەڕۆکی پرسیاری پەیامنێرهكانو زیاتر وەک تێپەڕاندنی پرسیار لێکدەدرایەوە.
چاوەڕوان مەحمود پەیامنێری شارپرێس لەبارەی لێکەوتەی ڕوداوەکەی لالەزارەوە پرسیاری کردو پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتییو پارتیو هەڵپەساردنی پەیوەندیەکانی یەکێتیی لەگەڵ پارتی کردبوە پرسیار لەگەڵ دەرکردنی فهرمانی گرتن بۆ ئەژی ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەڵام وتەبێژی یەکێتیی پرسیارەکەی بەپەیامنێری شارپرێس بڕیو وەڵامی نەدایەوەو ڕێگەی نەدا پرسیارەکەی تەواوبکاتو چوە لای پەیامنێرێکی تر بۆ وەرگرتنی پرسیار.
شێوازی وەڵامدانەوەی وتەبێژی یەکێتییو ڕێگەنەدان بەپرسیاری پەیامنێران، نیگەرانی پەیامنێرانی ئامادەبوی لێکەوتەوە لەکاتێکدا کە بەفەرمی لەلایەن نوسینگەی وتەبێژی یەکێتییەوە بانگهێشتی کۆنگرەکە کرابونو بەو جۆرەش مامەڵەیان لەگەڵ کرا.
بەشێک لەپەیامنێران ئەوەیان ئاشکراکرد، ڕێگەی پرسیار تەنها بەپەیامنێرانی دەزگاو میدیاکانی یهكێتیى دراوەو پێدەچێت بەڕێککەوتنی پێشوەختە پرسیارو وەڵامەکانیش دیاریکرابنو ڕێگە بەکەسی دیكه نەدرا پرسیاری ڕۆژنامەوانی خۆی بکات.
