هەڵەی خوێندنەوەی زانیارییەكان.. جەنگی ئەمەریكاو ئێران دوادەكەوێت

جیهان

23/05/2019‌ 1825 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس.. 
"ئەنجامی هەڵە تێگەیشتن، دواكەوتنی جەنگی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران"، ناونیشانی وتارێكی گۆڤاری "ئۆراسیا دەیلی"یە دەربارەی ئەوەی دەوترێت لە شیكردنەوەی هەڵەی زانیارییە هەواڵگیرییەكان، كە دۆخی كەنداوی بردە سەر كەناری جەنگێكی گشتگیر.

لە وتارەكەدا هاتووە: لە حەڤدەی مایۆ ی 2019، شا سەلمان داوای لەسەركردەكانی كۆمكاری عەرەبی و ئەنجوومەنی هاریكاری وڵاتانی كەنداو و رێكخراوی هاوكاری ئیسلامی كرد بۆ بەستنی لوتكەیەكی لەناكاو لە شاری مەكە لە 30 یونیۆی داهاتو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر داتەپینی پەیوەندیەكان لەگەڵ ئێران.

بەرپرسە ئێرانیەكان لە 15 مایۆ وتبویان ئامادەن بۆ جەنگ، بەڵام رۆژێك دوای ئەوە رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال ی ئەمەریكی شیمانەی ئەوەی كردبوو كە هەڵكشانی گرژیەكانی نێون ئەمەریكا و ئێران بەهۆی هەڵە تێگەیشتنەوە بوە لە زانیاری هەواڵگیری هەردوولا.

زانیارییە هەواڵگیرییە نوێیەكانی ئەمەریكا، بەگوێرەی رۆژنامەكە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات تاران گومانی ئەوەی بردووە ئەمەریكا هێرش دەكاتە سەری، بۆیە وەلامی ئەم مەترسیەی داوەتەوەو هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا خستووەتە ئامادەباشیەوە، لە نێویاندا حزب الله ی لوبنان و ژمارەیەك لە میلشیاكانی عێراق و سوریا. ئەمەش وای لە واشنتۆن كردوە بڕوا بەوە بهێنێ ئێران پلان دادەڕێژێت بۆ هێرش كردنە سەر ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی، و وای لە كۆشكی سپی كرد ژمارەیەك فرۆكە هەلگری زیاتر بنێرێ بۆ كەنداوو بەشێك لە دیبلۆماسیەكانی لە بەغدا بكشێنێتەوە. بەم شێوەیە، رێكارەكانی تاران بە گوێرەی وۆل ستریت جۆرنال بە سروشتی بەرگری كارانە بوە بەلام لە ئەمەریكا بە شێوەیەكی هەڵە لێكدراوەتەوە.

بە گوێرەی رۆژنامەكە، پێدەچێ دۆناڵد ترامپ ئیدارەی ئاگاداكردبێتەوە لە نێویاندا وەزیری بەرگری پاتریك شاناهان، بەوەی رووبەرووبونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران ناوێت. پاش ئەوە پێدەچێ هەرەشەی سەربازی دژی ئێران بە ناردنی فرۆكە هەڵگر هەنگاوێكی ترامپ بوە وەك گرەو كردنێك و ئەو یاریە گەورەیەی لەگەڵ كوریای باكور كردی لە 2017، بەوەی ژمارەیەكی فرۆكە هەڵگری –رۆنالد ریگان- ی نارد بۆ كەنارەكانی ئەو وڵاتە.

لەگەڵ ئەمانەشدا، لەو رێكارانەی سەركردایەتی سعودیە پێی هەڵدەستێت ئەوە روون دەبێتەوە، فشاری سیاسی و ئابوری لەسەر ئێران پاشەكشە ناكات، و ئەمەریكا بەردەوامە لە زیاد كردنی هاوپەیمانەكانی دژی ئێران لە ناوچەكەدا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا

بەپەلە