ژیانی ڕۆژانەی ئێران: بۆ مانەوە بەشدەکات، بۆ ڕۆشتن کورت دەهێنێت

جیهان

23/05/2019‌ 1794 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێستا لە ئێران ڕەفەی سوپەرمارکێتەکان لە شتومەک تەنک بووە و پارەی پێویستیش بۆ پێداویستیەکانی قوتابخانە بۆ گەشتێک بۆ ئاهەنگێک دەستناکەوێ و ئێرانیەکان هەست بە کاریگەری سزا نێودەوڵەتیەکان دەکەن. 

لە ئێران کەم کەس هەیە باوەڕ بەڕودانی شەڕ بکات و زوربەیان حەزناکەن بیر لەو مەسەلەیە بکەنەوە و لەبری ئەوە بە گرفتی ڕۆژانەیانەوە سەرقاڵن، بۆ نمونە کارەکەی منوچێهر  پاککرنەوەی چەند بیرۆیەکە بەڵام بەو داهاتە خێزانەکەی بۆ بەڕێوەناچێت،و ئایدن کەپزیشکی دانە و مەهسای هاوسەری کە گرافیک دیزاینەرە و لە ڕیزبەندی خێزانە حۆشگوزەرانەکانی تارانن بەڵام بە نیازن ڕووە و کەنەدا ووڵاتەکەیان جێبهێڵن.

مەهسا و ئایدن نیشتەجێی خانویەکی خۆشن کە چەند ژورێک و تاقمە مۆبیلێکی قەشەنگ و ناوماڵێکی نوێ و پیانۆیەکی گرانبەها لەخۆی دەگرێت کە دەکەوێتە نهۆمی نۆیەمی ئەپارتمانەکە و بەسەر دیمەنێکی جواندا دەڕوانێ،بەڵام وەک ئایدن دەڵێ دیمەنەکە تەڵخ و بێتاقەتکەرە و"جاران زوو زوو دەچونە سەردانی بەزم و ئاهەنگی ڕازاوە و تێروپڕ بەڵام ئێستا ئەوە بەسەرچووە و تادووساڵ لەمەوپێش دەیان جۆری خواردن و خواردنەوەی بیانی لەو ئاهەنگانە پێشکەش دەکرا ئێستا ئەوە نەماوە و نایبینیت."

هەرچەندە پێویست ناکات ئەو خێزانە ترسی گەورەیان هەبێت بەڵام پارساڵ وەک بەنیازبون نەیانتوانی ئوتومبێلێکی نوێی (BMW)بکڕن چونکە ئایدن پێیباشبوو ئەو پارەیە بۆ کاتی تەنگانە گلبداتەوە و  هاوسەرەکەشی دەڵێت"تا بەری چوارساڵیش گەلێک شتومەکی مارکەی ئەڵمانی بە نرخێکی گونجاو لە سوپەرماکێتەکاندا دەستدەکەوتن بەڵام لە ساڵی پارەوە نرخی شتومەک لە بازاڕەکاندا هەڵکشاون و هەنوکە گەلێک مارکەی بیانی و شتومەکی هەمەڕەنگ لە بازاڕەکاندا دەستناکەوێت."

مەترسی گەورە:
خەمەکانی منوچێهر هێندە گەورەن کە تەمەننا دەکات بە خەمەکانی ئەو خێزانە دەوڵەمەندەوە خەوببینێت،ئاخر ئەو کە چەند بیرۆیەک لە تاران پاکژدەکاتەوە بەزەحمەت توانای کڕینی گۆشتی بۆ خواردنی خێزانەکەی هەیە و تەنها خواردنی سادە و هەرزانیان پێدابیندەکرێت و بە سیمایەکی خەمبارەوە دەڵێ"جاران بە ئاسانی تێچوی قوتابخانەی منداڵەکانم دابیندەکرد بەڵام ئێستا ئاسان نیە و دەبێت داوا لە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە بکەم کە وادەی پێدانی خەرجی تێچوی منداڵەکان دوابخەن"و لەم خەمەدا بەتەنها نیە و دەڵێ "ئەمە بۆ خێزانەکەم خەمێکی گەورەیە و بۆ دراوسێکەشم هەمانشێوەیە هەمومان هەوڵدەدەین لە کوێدا بۆمان دەستبدات خەرجیەکانمان کەمبکەینەوە."

وەک باسی دەکات ئەمانیش حەزیان بە ئاهەنگ و سەیرانە و جاران هەفتەی جارێک لە شوێنێک بەشداری ئاهەنگێکیان دەکرد ئێستا ئەوە کەمبۆتەوە و لەوانەیە دوو مانگ جارێک شتێکی وایان بۆ دەستبدات.

بەدەم پاککردنەوەی ئاوێنەیەکەوە دەڵێت"چیتر کەیفوخۆشیەکەی جارانمان نەماوە و ئەوەی تەنها و تەنها بۆمان ماوەتەوە لەگەڵ دراوسێکانماندا دەمەتەقێ دەکەین و ئەوەش دەرونمان هێور دەکاتەوە و خەمەکانمان بۆ یەکتر هەڵدەڕێژین و دەمانەوێ پێکەوە بەرگەی بارودۆخەکە بگرین و ئەوانیش لایان وایە کە حوکمەتەکەی ئێمە فەشەلیهێناوە چونکە دەیتوانی لەناو ماڵەکەی خۆیەوە شتێک لەبەرامبەر دۆخەکە ئەنجام بدات."

کەمبونەوەی دەرمان:
ئەم بوارە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خێزانە خۆشگوزەرانەکەی تارانەوە هەیە و سیاسەتی ئێستای تاران بە هۆکاری ڕاستەوخۆی تەنگژەی ئابوری دەزانن و کاریگەری سزا نێودەوڵەتیەکان زۆر بە ئاشکرا بە نۆرینگەی دانسازە گەنجەکەوە دیارە و دەڵێت"لە پارساڵەوە بەردەوام گرفت لەبەردەم هاتنی  دەرمان و کەرەستەی دانسازیدا سەرهەڵدەدات بۆ نمونە گەلێکجار دەبوایە چاوەڕێی گەیشتنی مادەی بەنجکردن بکەم."

وەک خۆی دەڵێت دەرەنجامی ئەو بارودۆخەش هەرچی گوڕ و حەزی کارکردنە لە دەستیداوە و هەرچەندە ئەو خۆی و هاوسەرەکەی هەر لە سەرەتاوە بە ڕێکوپێکی کاریان دەکرد و چونە دەرەوەیان زۆر لا گرنگ بوو هەر بۆیە بۆ تەواوکردنی خوێندن چونە دەرەوەی ئێران و مەهسا خوێندنی لە ئوسترالیا تەواوکرد و دەڵێت"پاش ئەوەی گەڕامەوە بۆ ئێران لە کۆمپانیایەکی ڕیکلامکردن کارمدەکرد و موشتەری بە ناوبانگی وەک(لی ئۆریاڵ و گارنێر و یونی لیڤەر)مان هەبوو بەڵام ئەو سەردەمە بەسەرچوو و ساڵی پار هەموو موشتەریەکانمان لەدەستدان و منیش هەستمدەکرد کە چیتر سوود لەو کارە نابینم بۆیە ئێستا هیچ کارناکەم." و سەرباری ئەوەش لە داهاتی کارەکەی هیچی بۆ نەماوەتە و دەڵێت"لە ڕاستیدا داهاتەکەم بەجۆرێک کەمیکردبوو کە تەنها بەشی  ڕێگەی چونە سەرکارەکەمی دەکرد و خەرجی گەڕانەوەی ماڵەوەم بۆ نەدەمایەوە بۆیە گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە باشترە لەماڵەوە بمێنمەوە و ئێستا بە کەیفی خۆم کاتەکە بەڕێدەکەم و لانیکەم ئیسراحەتم."

دابەزینی نرخەکانی بۆرسە:
ئەو خێزانە دەوڵەمەندەی تاران گرفتی بێپارەییان نیە بەڵکو گرفتیان ئەوەیە لە چ شوێنێک پارەکەیان دابنێن کە جێگای متمانە بێت،لەو بارەیەوە ئایدنی مێردی دەڵێت"ماوەیەک پارەکەمان لە بۆرسە خستەکار بەڵام ئەویش دەرەنجامەکەی سەرنجڕاکێش نەبوو چونکە نرخەکان بەردەوام لەدابەزیندا بون و کارمەندەکانی ئەوێ ناتوانن گرەنتی ئەوە بدەن کە قازانجەکەت بەهاکەی لەدەستنادات و کڕینی دۆلار و ئاڵتونیش هەروا ئاسان نیە."

مەهسا تەلەفونی بۆ دایکی دەکرد و مەسەلەکەش ئاهەنگی ماڵئاواییانە چونکە بڕیاریانداوە دوای دوو ڕۆژی تر ئێران جێدەهێڵن و دەڕۆن بۆ  کەنەدا چونکە بارودۆخەکە بۆتە مایەی توڕەیی و سەرئێشە بۆیان و دەڵێت"پێش دوو مانگ بڕیارماندا کە چیتر گوێ لە دەنگوباسەکان نەگرین چونکە بۆمان دەبوە مایەی توڕەیی و نائارامی و تاقه دەنگوباس کە چەند ڕۆژ جارێک گوێی لێدەگرین نرخی ئاڵتون و بەهای دۆلارە و دەمانەوێت بزانین سەرمایەکەمان زیادیکردوە یان کەم،دەوڵەمەندتر دەبین یان هەژار دەکەوین؟ئەگەری ئەوە هەیە هەرچیمان هەیە لەدەستی بدەین؟"

متمانەیان بە میدیای ئێرانی نەماوە:
منوچێهر هیچ بەوە خەمبار نیە کە ووڵاتەکەی جێدەهێڵێت ئەو نەک هیچ لەدەستنادات بگرە بە پێچەوانەوە بۆ ئەو بڕیارێکی دروستە چونکە قەرزەکانیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوندایە بۆیە دەبێت زیاتر ئیش بکات و بۆ خەوتن نەبێت بواری مانەوەی لە ماڵەوە نیە سەرباری ئەوەش نایەوێت کۆڵبدات و پەیوەندیداریش بەوەی لە ووڵاتەکەی ڕودەدات دەڵێت"ڕۆژانە سۆراخی دەنگوباسەکان دەکەم بەڵام لەڕێی میدیاکانی ئێرانیەوە نا بەڵکو سەیری BBC دەکەم و سود لە سۆشیال میدیا دەبینم چونکە ئەوەی میدیای فەرمی دەیڵێت ڕاست نیە."

لەو بارەیەوە منوچێهر دەزانێ کە ئایەتوڵڵا خامنەئی ووتوێتی ئەو شەڕی لەگەڵ ئەمریکا ناوێت ئەوەش هەواڵێکی باش بوو و دەڵێت"دوای ئەوەی  دەنگوباسەکانم بینیوە ئێستا لەو باوەڕەدام کە نەخێر شەڕ ڕونادات بۆیە مرۆڤ پێویستی بە پارە و زانیاری ووردە لەو بارەیەوە بەڵام ئێمە دەستمان بە هیچکامیان ناگات."بەڵام دۆخەکە مایەی جۆرێک لە دڵنیاییە بۆ منوچێهر و دەڵێت"ترسم نیە گەر شەڕیش دەستپێبکات و لەو بارەیەوە متمانەم بە ئیحساسی خۆمە و هاوسەرەکەشم لە خەمی کوڕەکەماندایە کە ئێستا سەربازە."

هەمیشە ترس پێش لە ڕوودانی جەنگ ئامادەیە:
مەهسا بەهیچ جۆرێک ناخوازێت  باشترین ساڵەکانی تەمەنی لە  ووڵاتێکدا بەفیڕۆ بدات کە دەرەنجامی جەنگ خاپور دەبێت و هۆکاری بڕیاری ڕۆشتنیشی بۆ کەنەدا بۆ گەشەپێدانی تواناکانی و خۆشگوزەرانیەتی و ئەوەش بێ پێچوپەنا دەدرکێنێ و مێردەکەشی سەری پشتیوانی بۆ دەلەقێنێت و دەڵێت"ترس پێش ڕوودانی جەنگ لای ئەم نەوەیەی ئێمە هەمیشە ئامادەیە و جەنگیش خراپ و تۆقێنەرە بەڵام بۆچونی ووردی خۆم ئەوەیە کە ئەگەری ڕوودانی جەنگ ئەگەرێکی لاوازە."

بۆیە بۆ سەفەری کەنەدا هیچ لەگەڵ خۆیان نابەن جگە لە چەند جانتایەک نەبێت کە لە ژوری خەوتنەکەیان دانراوە و لە هەموو بارێکیشدا خانوەکەیان چۆڵ ناکەن.

بەڵام خەونی منوچێهر بە ژیانێکی نوێ جۆرێکیترە و دەڵێت"خۆشترین شتێک ئەوەبوو گەر سبەی بەیانی لەخەو هەستامایە و لە تەلەفزیۆنەوە بمبیستایە کە جەنگ ڕونادات و لەگەڵ ئەمێریکا ڕێککەوتوین و بەوەش هەر سبەینێ هەموو گرفتەکان کۆتایی دەهات و یەکەم شت کەدەمکرد ئەوەبوو کە لە دەرگای ماڵ دەچومە دەرەوە بۆ خیابانەکە و بەو هەواڵە دڵخۆشدەبوم و جارێکیتر ووزەم تێدەهاتەوە بەوەی سزا ئابوریەکان کۆتاییان پێهاتووە."

سەرچاوە: تەلەفزیۆنی (1)ARD

وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە:بەرزان حەمەخورشید