گەمارۆكانی ئەمریكا.. ئابووری ئێران چیتر بەرگە ناگرێت‌و لەگیانەڵادایە

جیهان

02/06/2019‌ 1557 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، ئێران چیتر توانای بەرگەگرتنی ئەو ڕەوشەی نەماوە و گەمارۆكانی ئەمەریكا ئابوورییە ڕوولەنشێوەكەی ئێرانی خستۆتە سەر لێواری كارەساتێكی راستەقینە .

گۆڤارە ئەمەریكییەكە بڵاویشیكردەوە، ئێران حسابی ئەو گۆرانكارییانە نەكردبوو ، پلانەكەی ئەوە بوو دان بەخۆیدا بگرێت تا ماوەی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپی ئەمریكا كۆتایی دێت .

بەڵام لەگەرمەی ئەو گۆرانكارییە خێرایانە و جوڵەی كەشتیگەلی سەربازی ئەمەریكی بۆ لە قاڵبدانی ئێران ، گۆڤارەكە ئەوەی ئاشكراكرد، ئێران ناتوانێت تا ماوەی سەرۆكایەتی ترامپ تەواو دەبێت هەر چاوەرێ بكات ، لەبەر ئەوەی ئابوورییەكەی خەریكە هەرەس دەهێنێت .

ئەو هەرەسهێنانەش خۆی لەكەمبوونەوەی هەناردەی نەوتەكەیدا دەبینێتەوە، كە بەشادەماری ژیانی ئابووری ئێران دادەنرێت .

بەهۆی ئەوەی وڵاتانی ئەوروپاش دەستەوەستانن لەوەی بۆ قەرەبووكردنەوەی گەمارۆكانی ئەمەریكا بۆسەر ئێران پابەندی بەرپرسیارێتییەكانیان بن بەپێی رێكەوتننامە ناوەكییەكە ، ئەوەش زیاتر گوشاری بۆسەر ئێران هێناوە .

بەهۆی هەرەسهێنانی ئابوورییەكەشییەوە ئێران چۆتە ترسناكترین قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكان لەماوەی چل ساڵی رابردوودا ، كە رەنگە ئەوە پاڵی پێوە بنێت پەنا بەرێتە بەر فێل و تەكتیكی تازە .

بەپێی گۆڤارەكە پێدەچێت ئێستا سەركردە ئێرانییەكان لەهەموو كات زیاتر هەست بەو مەترسییە بكەن كە بەردەرگای گرتوون ،لەكاتێكدا پلانی ئەوان بۆ رۆیشتنی ترامپ  هیچ سوودی نییە .

چاوەڕێ دەكرێت ئەمساڵ ئابووری ئێران بەڕیژەی ٦% بپووكێتەوە لەكاتێكدا دراوی ئێرانی ئێستا سێیەكی نرخەكەی خۆی لەدەستداوە ،

ئەگەر وەك واشنتۆن بەڵێنیداوە كە دەبێت هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنرێتە سفر ، ئەوە لەوكاتەدا رەوشەكە زۆر خراپتر دەبێت و ئابووری ئێران دەكەوێتە گیانەڵا ، بەجۆرێك هەرگیز ئێران رەوشی ئاوی بەسەر نەهاتووە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵغ