یەكێتی‌و بنەماڵەی تاڵەبانی دەستوەردانیان كردووە.. دوا پەرەسەندنەكانی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم

عیراق

10/06/2019‌ 8100 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر
چەند بەرپرس و پەرلەمانتارێكی عێراقی، دوا پەرەسەندنەكانی پرسی دەستگیركردنی "نەجمەدین كەریم"ی پارێزگاری پێشووی كەركوك و "نەعیم عەبعوب" ی ئەمینداری پێشووی بەغدایان ئاشكرا كردووە، كە لە لایەن پۆلیسی ئەنتەرپۆڵەوە دەستگیركراون، لە كاتێكدا هەواڵەكانی دەرەوەی عێراق باس لەوە دەكەن نەجمەدین بە كەفالەت و عەبعوبیش بە هۆكارێكی نادیار ئازاد كراون.

ئەو دووانە لە لایەن دادگای عێراقەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی و دزینی ماڵی دەوڵەت (اختلاس) دەستگیركراون، دەستگیركردنەكە دەنگدانەوەیەكی بەرفراوانی هەبوو، سەرەتای دەستپێكردنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی" یە دژ بە كەس و ناوەكان، بەڵام ئەم هەوڵانە بە زوویی پۆچەڵ بوونەوە، كاتێك هەواڵی ئەوە دزەیان كرد، كە حكومەتی عێراقی بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم دەستتێوەردانی كردووە، حكومەتیش ئەمەی ڕەتكردەووە.

نەجمەدین كەریم دەستبەسەرە.. پارتەكەشی ئامادەیە دەستبەرداری بێت
سەرچاوەیەكی ئاگاداری كوردی بە "بەغداد ئەلیوم" ی  ڕاگەیاند، ئێستا نەجمەدین كەریم پاسپۆرتە ئەمریكییەكەی لێسەندراوەتەوە، لە یەكێك لە میوانخانەكانی بەیروتی پایتەختی لوبنان نیشتەجێیە، دەستگیركراوە و دەستبەسەرە، دەشێ لە هەر ئان و ساتێكدا بگەڕێندرێتەوە بەغدا" بەو مەرجەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستبەردرای بێت.

سەرچاوەكە وتیشی: نەجمەدین كەریم بەردەوام لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی ئەستەمبوڵەوە گەشتی بۆ ئەمریكا دەكرد، بەڵام ئەوەی ئەمجارەیان ڕوویدا ئەوە بوو كە دەسەڵاتدارانی توركیا پێیان ڕاگەیاندووە كە قبولیان نییە لە فڕۆكەخانەكانیانەوە گەشت بكات، بۆیە پەنای بۆ بەیروت بردوو، تاوەكو لەوێوە سەردانی خێزانەكەی بكات لە ئەمریكا.

هەروەها سەرچاوەكە وتی: نەجمەدین كەریم بە بەردەوامی لە دەوڵەتە ئەوروپی و ئاسیاییەكان بەشداری لە كۆنگرەكاندا دەكرد، ئەمجارەش بۆیە گیرا، چونكە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا دەستبەرداری بوون، ئەمەش بەو هۆیەی لە ڕووداوەكانی 21 ی ئازاری ڕابردوو بە داگیركراو وەسفی كەركوكی كرد و سوپای عێراقیش بە داگیركەر، ئەمەش لە كاتێكدا بوو ئەمریكا لە ڕێگەی ڕاوێژكارەكانییەوە پلانی ئەوەی هەبوو تەنگژەی كەركوك كۆتایی پێبێنێت و ژوورێكی ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەشیش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو شارەدا پێكبێنێت.

بەپێی سەرچاوەكە، بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی سەرۆكی عێراقی پێشووتر، دنەی ئەمریكایان داوە دەستبەرداری نەجمەدین كەریم بن، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو تۆمەتی ڕادەستكردنی كەركوكی بە حەشدی شەعبی دایەپاڵ بنەماڵەی تاڵەبانی. 

سەرچاوەكە سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشاوین كە ئەمریكییەكان لە ڕێگەی كونسوڵەكەیانەوە لە هەولێر ، ئەوەیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاندووە كە دەستەبەردرای نەجمەدین كەریم بوون و بەرگری لێ ناكەن، ئەمەش بووە هۆی پاشەكشەكردنی ئەو نێوانگیرییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردە عێراقی و لوبنانی و كەنداوییەكان كاری لەسەر دەكرد بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان تا ڕادەیەكی زۆر دەستبەرداری نەجمەدین كەریم بووە" چاوەڕێی ئەوەش دەكرێت حكومەتی ئیتحادی كارێك بكەن (ئاشكرای نەكرد چییە) كە پەیوەستە بە كەركوكەوە. ئەگەر بەغدا ئەو كارە ئەنجام بدات، ئەو كات دەستەی دەستپاكی نەجمەدین كەریم پەلكێشی بەغدا دەكەنەوە، بێ ئەوەی هیچ كەس و لایەنێك هەبێت بەرگری لی بكات.

لای خۆشییەوە "سەعید موسا" ئەندامی چاودێری ئەنجومەنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەوەی ئاشكرا كرد كە دانپێدانانەكانی نەجمەدین كەریم لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە ڕاستێندراون (تصدیق) وەك ڕێخۆشكەرییەك بۆ گێرانەوەی ناوبراو بۆ بەغدا.

موسا لە لێدوانێكیدا بۆ "بەغدا ئەلیوم" گووتی دۆسییەكەی نەجمەدین كەریم لە لایەن دادگا و وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە ڕاستیندراوە و نێردراوەتە لوبنان" تیمێكیش لە بەیروت كار بۆ ئەوە دەكەن نەجمەدین كەریم بگێڕنەوە بۆ بەغدا.

فشارەكانی ئازادكردنی.. چارەسەر لە سویسرایە
موسا ووتیشی دۆسیەی " نەعیم عەبعوب"ئەمینداری پێشووی بەغداش ڕاستێنراوە و ڕەوانەی دەسەڵاتدارانی سوریا كراوە، تاوەكو ووردبینی تێدا بكەن و ڕێگەش بە تیمێكی عێراقی بدەن عەبعوب بگێڕنەوە بەغدا. 

میدیاكانیش لە 7 ی حوزەیرانی 2019 باسیان لەوە كردووە كە دەسەڵاتدارانی سوریا عەبعوب- یان ئازاد كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی چەند لایەنێكی عێراقی دەستێوەردانیان كردووە بۆ بەردانی، ئەم هەواڵەش جۆرێك لە لێڵی و ناڕوونی هێناوەتە ئاراوە.

موسا وتیشی ئەوە ڕەتناكاتەوە كە لە پێناو ئازادكردنی نەجمەدین و عەبعوب،  فشاری سیاسی كراون ، كۆششەكانیش لە نێوان پۆلیسی ئەنتەرپوڵی عێراقی و نێودەوڵەتی لە ئارادان بۆ گێرانەوەی داواكراوان لە لایەن دادگای عێراقییەوە.

وتیشی عێراق ئەندامی ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەمەش دەوڵەتە ئەندامەكانی ئەو ڕێككەوتننامەیە پابەند دەكات چ دوولایەنە یان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكەدا، هاریكاری یەكتربن سەبارەت بە دۆسییەكانی گەندەڵی.

موسا ئەوەشی وت: لە ئێستادا هاریكاری لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشدا لە ئارادایە، شاندێكی دەستەی دەستپاكیش نێردراونە سویسرا بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتن و سڕكردنی پارەوپولی هەندێك لە داواكراون، ئەمەش بە گوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

پەرلەمان گەشبینە بە گێڕانەوەیان.. ترسیشی لە  دەزگای دادوەری هەیە 
حەسەن شاكری ئەندامی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمان بە گەشبینییەوە لە گێرانەوەی نەجمەدین كەریم و عەبعوب دەڕوانێت، بەڵام ترسی خۆیان لەوە نەشاردۆتەوە كە دەزگای دادوەری دۆسییەكە بە سیاسی نەكات و كاریگەری ئەملاو لایان بەسەرەوە نەبێت.

شاكر بۆ " بەغدا ئەلیوم" وتی: عەبعوب و نەجمەدین، لای ئێمە زۆر دۆسیەی گەندەڵیان لەسەرە، لیژنەی دەستپاكیش بەردەوام چاودێری دۆسییەكە دەكات، لە ڕۆژانی ئایندەش ئەو ڕێوشوێنە یاساییانە یەكلاییی دەبنەوە بۆ گێرانەوەی هەردوو ناوبراو بۆ عێراق.

ئەنجومەنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ووردەكاری لا نییە
لای خۆشییەوە ئەنجومەنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كە عادل عەبدولمەهدی سەرپەرشتی دەكات، ووتی كە ووردەكاری دۆسییەكانی نەجمەدین و عەبعوب – یان لا نییە. زانیاری تایبەت بە عەبعوب و نەجمەدین لە لای دەستەی دەستپاكییە و ئێمەش ووردەكاریمان لا نییە.

جەمال ئەسەدی ئەندامی ئەنجومەنی ناوبراو بۆ "بەغداد ئەلیوم" ووتی كە زانیارییەكانی تایبەت بە عەبعوب و نەجمەدین لای بازنەی دەستكەوتنەوەی دەستپاكی هەن و ئێمەش ووردەكاری ئەو دوو دۆسییەمان لا نییە.

" یاسای لێبووردنی گشتی" چەند بڕگەیەك لە خۆ دەگرێت كە پەیوەستن بە گەندەڵی دارایی و بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی، ئەوانەی دەستیان بۆ ماڵی دەوڵەت بردووە "مختلس" دەتوانن پارەكان بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، لە بەرامبەریشدا لە سزاكە دەربازیان بێت. چاودێران بەلای ئەوەدا دەشكێنەوە كە ئەمە كەلینێك بێت بۆ دەربازبوونی هەردوو تۆمەتباری ناوبراو بۆ دەربازبوون لە قەفەسی تۆمەتباری" بە تایبەتیش كە ئەو تۆمەتەی ئاراستەی ئەمینداری بەغدا كراوە، پەیوەستە بە 12 ملیار دینار، بێ ئامادەبوونی خۆشی دادگا فرمانی 7 ساڵ بەندی بەسەرداداوە.